شارپرێس:
پاش زنجیرەیەک کۆبونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکاندا، دواجار دەقی پڕۆژەیاسایەکی 12 مادەیی هەستیارو چاوەڕوانکراو بۆ قۆناغی نوێی چارەسەرییو چەکداماڵینی پەکەکە بەفەرمی خرایەڕوو؛ پڕۆژەیاساکە پەیڕەوی لەمیکانیزمێکی نوێ دەکات بۆ دواخستنی دادگاییکردنو جێبەجێکردنی سزای ئەندامانی پارتى كرێكاران بۆ ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵ کە لەئەگەری پابەندبونیاندا دۆسیەکانیان بەیەکجاری دادەخرێت، بەڵام هاوکات بەستراوەتەوە بەمەرجی توندو بەشێک لەسەرکردەو زیندانیانی پێشوو لەم دەرفەتە بێبەشدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە دەقی پڕۆژەیاساكه بەفەرمی خرایەڕوو كه لە 12 مادەی سەرەکی پێکهاتوەو ناوی (یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانیو یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) لێنراوە، ئامانجی بنەڕەتیی مۆرکردنی کۆتاییهاتنی کرداریی بونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)و ڕادەستکردنی بێشەرتی تەواوی چەکو تەقەمەنییەکانیانە.
بهگوێرهى خاڵەکانی ئەو پڕۆژهیه، دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت وەک تاکە مەرج، دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردارییو چەکداماڵینی پارتى كرێكاران دەستنیشاندەکەنو ئەم بڕیارەش ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە پشتڕاستدەکرێتەوە.
پڕۆژەیاساکە ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بەدامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبونو پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکەو کەجەکە (لەگەڵ دۆسیەکانی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی)، بەڵام سنورەکانی توندن؛ ئەوکەسانەی تێوەگلاون لەتاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان پێش 1ی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسکراوی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، بەهیچ شێوەیەک مافی سودمەندبونیان لەم یاسایە نابێت.
کاریگەرترین ڕەهەندی ئەم پڕۆژەیاسایە، داڕشتنی میکانیزمێکی نوێیە بۆ ڕاگرتنو دواخستنی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردنو سزاکان، بەجۆرێک، پڕۆسەی دادگاییکردنو جێبەجێکردنی سزاکان بۆ ئەو تاوانانەی لە 15 ساڵ کەمترن بۆ ماوەی پێنج ساڵو بۆ ئەوانەشی لە15 ساڵ زیاترن یان سزای زیندانیی هەتاهەتایین بۆ ماوەی 10 ساڵ دوادەخرێت.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، ئەگەر تۆمەتبار لەو ماوە دیاریکراوەدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجامنەدات، دۆسیەکەی بەیەکجاری دادەخرێتو سزاکەی بەجێبەجێکراو هەژماردەکرێت؛ هاوکات لەگەڵ دەرچونی بڕیارەکەدا، تەواوی ڕێکارەکانی دەستبەسەرکردنو چاودێریی دادوەریی لادەبرێن.
بۆ گەرەنتییکردنو بەدواداچونی ئەم پڕۆسە هەستیارە، پێکهاتەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک کۆماری تورکیاو ئەندامێتیی وەزیرانی (داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگریی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (میت)و چەند بەرپرسێکی دیکە) ئەرکدار دەکرێت.
هاوكات لەپەرلەمانی تورکیاشدا لیژنەیەکی چاودێریی 17 کەسی بۆ ئەو مەبەستە دروستدەکرێت، ئەوکەسانەی دەیانەوێت دەرگای ئەم یاسایە لەبەردەمیاندا بکرێتەوە، دەبێت لەماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبونەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەڕۆژنامەی فەرمیدا، داواکارییەکانیان پێشکەشبکەن.
