کاتێک شەپۆلە نەبینراوەکان چارەنوسی سوپاکان یەکلادەکەنەوە؛ شەڕی ئەلیکترۆنی چۆن یاساکانی جەنگی گۆڕیی؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد - شارپرێس:

مەیدانی جەنگەکانی داهاتوو چیتر بەچاوی ئاسایی نابینرێن؛ جەنگی نوێ تەنها بەموشەک‌و فڕۆکە ناکرێت، بەڵکو لەناو فەزایەکی شاراوەدا بەڕێوەدەچێت کە لەشەپۆلی ڕادیۆیی، ڕادارو ئاماژە ئەلیکترۆنییەکان پێکهاتوە، ئەم تەکنەلۆژیایە کە بە"شەڕی ئەلیکترۆنی" دەناسرێت، لەئێستادا بوەتە بزوێنەری سەرەکی‌و بێدەنگی تەواوی ململانێ سەربازییەکانی جیهان.


لەبنەڕەتدا، ئەمجۆرە لەجەنگ بریتییە لەململانێی توند لەسەر کۆنترۆڵکردنی سپێکتزۆمی ئەلیکترۆمەگناتیسی کە دەمارگیرو بڕبڕەی پشتی تەواوی سیستمی GPS، پەیوەندییە بێوایەرەکان‌و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانە (درۆن)، لەم مەیدانەدا، ئەو لایەنەی بتوانێت باڵادەستیی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت زوتر دوژمن ببینێت، باشتر پەیوەندیی بەهێزەکانی خۆیەوە بکات‌و پێشوەختە هێرشبکات؛ بەپێچەوانەشەوە، شکستی هەر سوپایەک لەم جەنگەدا بەواتای کوێربون، بێدەنگبون‌و پەککەوتنی تەواوی سیستمی فەرماندەیی‌و گواستنەوەی زانیاریی دێت.

سوپاکانی سەردەم ئەم جەنگە شاراوەیە لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی بەڕێوەدەبەن؛ یەکەم کۆڵەکە "هێرشی ئەلیکترۆنی"یە کە لەڕێگەی ته‌شویشکردنی ڕادارەکان‌و ناردنی ئاماژەی خەڵەتێنەرەوە (Spoofing) سیستمی دوژمن دەشێوێنێت.

کۆڵەکەی دوەم "پاراستنی ئەلیکترۆنی"یە کە ئامانجی پاراستنی بەردەوامیی ڕاداری هێزەکانی خۆیەتی لەهێرشەکانی نەیارو سێیەم‌و گرنگترین ڕەهەندیش "پشتیوانیی ئەلیکترۆنی"یە، کە وەک چاوێکی هەواڵگریی بەهێز، شوێنی ڕاداری دوژمن دیاریدەکات‌و وێنەیەکی ڕونی مەیدانەکە دەداتە فەرماندەیی.

هۆکاری سەرەکیی بایەخی بێپایانی ئەم جەنگە لەئێستادا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای وڵاتان بەتەواوی پشت بەهەستیارە دیجیتاڵییەکان دەبەستن، بەجۆرێک، لەم سەردەمەدا تەنها یەک ئامێری ته‌شویش دەتوانێت بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک، تۆڕێکی پاراستنی ئاسمانی پەکبخات‌و هێرشی گروپی درۆنەکان پوچەڵبکاتەوە.

جەنگی ئێستای نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا زیندوترین نمونەی ئەم ڕاستییەیە، کە تێیدا هەزاران درۆن نەک بەهۆی تەقاندنەوە، بەڵکو بەهۆی فریودانی سیستمی ڕێدۆزی‌و تێکدانی پەیوەندییەکانیانەوە خراونەتە خوارەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە سەرکەوتنی جەنگی سەدەی 21 تەنها بۆ ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت فەزای ئەلیکترۆنی کۆنترۆڵبکات.