کەنداڵ جودی - شارپرێس:
پاش حەوت ساڵ لەدابڕان بەهۆی داگیرکارییەکانی تورکیاو گروپە چەکدارەکانەوە، ئاو لەوێستگەی "عەلۆک"ەوە بەرەو شاری حەسەکە دەستیپێکردهوە، بەڵام قەیرانی ئاو لەشارەکەدا بەهۆی کەمتەرخەمیو ئاستەنگە ئەنقەستەکانی حکومەتی سوریاوە هێشتا بەتەواوی چارەسەرنەکراوە، نەناردنی کارەبا، چاکنەکردنەوەی تۆڕە کۆنو شکاوەکانو کەمیی پەستانی پاڵنانی ئاو، ڕێگرن لەوەی ئاو بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بگاتە ماڵو تانكیى هاوڵاتیان.
بهگوێرهى بەدواداچونەکانى شارپرێس، لەئێستادا ئاو تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم دەگاتە هەندێک گەڕەک، بەجۆرێک بەهۆی کەمیی پەستانەکەیەوە زۆربەی خێزانەکان ناتوانن تەنکییەکانیان پڕبکەن، ئەم دۆخەش بوەتە هۆی ئەوەی خەڵکی هەژارو کەمدرامەت وەک پێشوو ناچاربن ئاو لەتانکەرە ئەهلییەکان بەپارەیەکی زۆر بکڕن.
خهڵكى حهسهكه ئاماژە بەوەدەکەن، کێشەکە تەنها نەبونی ئاو نییە، بەڵکو بڕینی بەردەوامی کارەبای نیشتمانی لەلایەن حکومەتەوە ڕێگرە لەوەی، بتوانن مۆتۆڕو پەمپەکانیان بۆ سەرکەوتنی ئاو بۆسەربانەکان دابگیرسێننو تەنها ئەوکەسانە سودمەندبون کە سیستمی وزەی خۆریان هەیە.
ئیڤان محەمەد دانیشتویەکی شاری حەسەکەیەو سەبارەت بەم مەینەتییە بەشارپرێس-ی وت، "سەرەڕای گەڕانەوەی ئاوی عەلۆک، ئێمە هێشتا بەدەست بێئاوییهوە دەناڵێنینو ئاو بەپارە دەکڕین، چونکە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو کۆنو لەکارکەوتونو پەستانی ئاوەکەش ناگاتە ماڵەکانمان"، داواش لەپارێزگاری حەسەکە دەکات، بەپەلە تۆڕی نوێی ئاو بۆ شارەکە بونیادبنێن.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی حەسەکە بەشارپرێس-ى ڕاگەیاندوە، ئەم ئاوەی ئێستا بەردراوەتەوە تەنها قۆناغی تاقیکارییە بۆ دۆزینەوەی شوێنی شکانو دزەکردنی تۆڕەکان، دڵنیاییشیاندا کە ئاوی ژێرزەوی لەکەمبوندایەو کێشەی حەسەکە بەتەواوی چارەسەرنابێت ئەگەر پڕۆژەی ستراتیژیی ڕاکێشانی ئاوی ڕوباری دیجلە بۆ شارەکە جێبەجێنەکرێت.
دانیشتوانی حەسەکە لەو بڕوایەدان کە کلیلو چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم قەیرانە مرۆییە تەنها لەدەستی حکومەتی سوریادایە، پێویستە دیمەشق بەبێ دواکەوتن هەنگاوی کرداری بنێت بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ وێستگەکە، فراوانکردنی تۆڕەکانی دابەشکردنو چاککردنی شکانەکان؛ چونکە تەنها بەم هەنگاوانە دەکرێت کۆتایی بەو قەیرانە چەندین ساڵەیە بهێنرێت کە ژیانی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستانی پەکخستوە.