شارپرێس - تایبەت:
سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاریی گرنگى لەسەر پشێوییەکی گەورەی کارگێڕییو دارایی لەنێوان کۆمپانیاکانی کڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم بۆ شارپرێس ئاشکرا کرد کە تێیدا ململانێی پارتىو یهكێتیى لەسەر پڕکردنی گیرفانی خۆیانو داهاتی ناوخۆ، بوەتە هۆی دروستکردنی بارگرانییو تێچویەکی زۆری دارایی بۆ سەرشانی هاوڵاتیان.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس کەوتون، لەئێستادا ئەگەر هاوڵاتییەک لەکۆمپانیایەکی شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی سفر کیلۆمەتر بکڕێت کە لەخاڵە سنورییەکانی زۆنی زەردەوە (یاخود ئوم قەسر) داخڵکرابێتو مەنەفێستەکەی درابێتێ، ڕێگەی پێنادریت لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی تابلۆی بۆ ببەستێت، بەڵکو ناچار دەکرێت ئۆتۆمبێلەکە بباتە شاری هەولێر، لەوێ ڕسوماتی تابلۆ بەستنەکە بدات کە داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی ئیدارهى ههولێر (پارتى)و دوای بەستنی تابلۆی هەولێر، ئەگەر بیەوێت بیکاتە سلێمانی، دەبێت پرۆسەیەکی دیكهى ئاڵۆزی گواستنەوەی مامهڵهو گۆڕینی تابلۆ ئەنجامبدات کە تێچوو و ماندوبونێکی دووقات دەخاتەسەر کڕیار.
سەرچاوەیهكى ئاگادار تایبهت بۆ شارپرێس ئاماژەی بەوەکرد، ئەم کێشەیە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی زۆنی سەوزیش بەهەمانشێوەیە؛ ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لەباشماخ یان پەروێزخانەوە داخڵبێتو لەزاخۆ یان هەولێر بفرۆشرێت، دەبێت بهێنرێتەوە سلێمانی بۆ بەستنی تابلۆ، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی ڕسوماتی تابلۆکە بچێتە گیرفانی ئیدارهى سلێمانى (یهكێتیى).
ئهوهشى وت، "شتێک نەماوە بەناوی قاسەی یەکگرتوی حکومەت، بەڵکو سیستمی "کوڕ ئەو کوڕەیە زۆرتر بۆ خۆی کۆبکاتەوە" پەیڕەو دەکرێت".
شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بەهۆی ئەم سیستمە سەیرەوە، داهێنانێکی نوێ لەبازاڕی ئۆتۆمبێلدا کراوە؛ کۆمپانیا گەورەکان بۆ ڕزگارکردنی کڕیار لەماندوبونی ڕێگه، بڕە پارەیەک لەکڕیار وەردەگرنو ئۆتۆمبێلە سفر کیلۆمەترەکە دەخەنەسەر کرێن فلاتێكو دەیبەنە هەولێر، دوای سێ بۆ چوار ڕۆژ پیاسەکردن لەهەولێرو بەستنی تابلۆ، هەر بەکرێن دەیهێننەوە بۆ سلێمانی، کە ئەمەش خەرجییەکی دیكهى بێ پاساو دەخاتەسەرشانی هاوڵاتیانی هەرێم.
