هاوسەرۆكی دەم پارتی: یاسای چوارچێوە دەرگایەكی نوێ دەكاتەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 196 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا ڕایگەیاند، "بە دەركردنی یاسای چوارچێوە، دەرگایەكی نوێ دەكرێتەوە. ئێستا لە جیهان و ناوچەكەدا ڕوداوی گرنگ دەگوزەرێن؛ سەدەیەك كۆتایی دێت و سەدەیەكی نوێ دەست پێ دەكات كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقەكەیەتی".

تونجەر باكرهان دەڵێت "بۆ ئەوەی توركیا لەم گۆڕانكارییانەدا ڕۆڵێكی كارا و پێشبینی‌نەكراو بگێڕێت، دەبێت پرسی كورد چارەسەر بكات و هاوكاریی خۆی لەگەڵ كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك دەرفەتێكی ستراتیژی ببینێت. لەم ناوچەیەدا، هەر لایەنێك پەوەندییەكی ڕاست و دروست لەگەڵ جیۆپۆلیتیكی كورددا دروست بكات سەر دەكەوێت، گەرنا شكست چاوەڕوانێتی."


باكرهان ڕونیكردەوە، توركیا بەدەست قەیرانی ئابوری، یاسایی و دادپەروەرییەوە دەناڵێنێت و گەنجان ئاسۆیەكی ڕون بۆ داهاتووی خۆیان نابینن. 

تونجەر باكرهان وتیشی "یاسای چوارچێوە سەرەتایەكە بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی ‌و ئێستا بەهۆی بانگەوازەكەی ئۆجالانەوە و هەوڵەكانیی دەرفەتێكی مێژوویی و لەبار لەپێشە، دەبێت هەنگاوە سەرەتاییەكان بۆ ئەم دەرفەتە لە ڕێگەی دەركردنی یاسای چوارچێوەوە جێگیر و مسۆگەر بكرێن."