هێزەكانی ڕۆژهەڵات هۆشداری لەزیادبوونی لەسێدارەدان دەدەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "ڕاپۆرتی ناوەندەكانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە پەرەسەندنی كەم وێنەی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەن، لەسێدارەدانی زیاتر لە ٨٥٠ زیندانی لە دەستپێكی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تاوەكو ئێستا و لەنێویدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی لە سێدارەدانی چالاكوانانی سیاسی و ژنان ئاماژەیە بۆ خێراكردنی ئەو ڕەوتە مەترسیدارەی كە دەتوانێت كوشتارێكی دیكەی بێ وێنەی حكومەت لە مێژووی ئێراندا تۆمار بكات".

لە ڕاگەیەندراوەكەی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێراندا ئاماژە بەوەكراوە "لەم چوارچێوەیەشدا سەركوت و بێدادیی دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی دادوەری حكومەتی ئێران لە بەرانبەر خۆپیشاندەران و چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی لایەنی فراوانتری بە خۆوە بینیوە، دوای ڕاپەڕینەكانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، سزای لەسێدارەدانی دەیان كەس لە خۆپیشاندەران بە ڕێكاری نایاسایی و پێشێلكردنی بنەماكانی دادگاییكردنی دادپەروەرانه، بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ و سنوورداركردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر جێبەجێ كراوە".

دەشڵێت، كوردستان یەكێكە لە سەرەكیترین ناوەندەكانی سەركوتكردنی سیستەماتیك لە ئێران و بە تۆمەتەكانی وەكو بەغی و ئەندامبوون لە حیزبەكان چالاكوانانی كورد لەسێدارە دەدرێن و هەڕەشەی مەرگیان لێ دەكرێت.

هەروەها هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران هۆشداری دەدات "ژمارەیەكی بەرچاو لە دەستبەسەركراوانی ناڕەزایەتییەكان و زیندانییانی سیاسی بە تایبەتی گیراوانی سیاسیی ژن، كە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە ڕووبەڕووی مەترسی جدی بوونەتەوە، هەر بۆیە پێویستە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێونەتەوەییەكان بۆ پاراستنی مافی ژیانی ئەو گیراوانە لە هەموو توانا یاسایی و دیپلۆماسییەكانیان بۆ ڕێگریكردن لە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە كەڵك وەربگرن، بێگومان وەلانان یان پەراوێزخستنی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەرفەت بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی كوشتار خۆش دەكات".