شارپرێس:
پۆلیسی لیبیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند كە ژمارەیەك زیندانی بەكۆمەڵ لە زیندانێكی شاری سورمان هەڵاتوون، ئەمەش هاوكات لەگەڵ پێكدادانی نێوان گروپە چەكدارە ڕكابەرەكان لە سورمان و زاویە لە ڕۆژئاوای تەرابلوسی پایتەخت. لەئەنجامی پێكدادانەكاندا سێ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.
پۆلیس لە تەرابلوس ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوەیان لە هەڵاتنەكە دەستپێكردووە و لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو زیندانییە هەڵهاتووانە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست.
لەبارەی شەڕ و پێكدادانی گروپە چەكدارەكان، تا ئێستا ناسنامەی ئەو گروپانەی دەستیان لە شەڕ و پێكدادانەكان هەیە ڕون نییە.
سالم بەهر، ئەندامی ئەنجومەنی زاویە، بانگەوازی لە هەموو لایەنەكان كرد كە شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگرن و بە تەلەفزیۆنی ئەلئەحرار لیبیای ڕاگەیاند"لەم دۆخەدا سەركەوتوویش دۆڕاوە".