شارپرێس:
لەکاتێکدا دیمەشق جوڵە
سەربازییەکانی بەڕێوشوێنی ڕۆتینی ناودەبات، بهڵام بەغدا لەحاڵەتی ئامادەباشیدایەو
چاودێریی هێڵی سنوریی دەکات؛ هێزو زرێپۆشەکانی سوریا بۆ ماوەی 72 کاتژمێرە لەبەردەم
سنورەکانی عێراقدا جێگیركراونو وەزارەتی بەرگریی سوریاش پلەی هۆشداریی (ج) ڕادەگەیەنێت.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی
بەرگریی سوریا ڕایگەیاند، ئەو جوڵە سەربازییانەی ئێستا لەناو خاکەکەیاندا بەڕێوەدەچن،
لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە سەربازییە ڕۆتینییەکانن، هاوکات ڕەتیشیکردەوە کە پەیوەندییان
بەدۆخی ئامادەباشی یان پەرەسەندنی ئەمنیی کتوپڕەوە هەبێت.
ئەو سەرچاوەیە بەئاژانسی
شەفەق نیوزی وتوه، "ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، خۆڕێکخستنەوەی شوێنەکانو
بڵاوکردنەوەی هێزو پێکهاتەکانی سەر بەسوپای سوریا لەخۆدەگرێت، ئەمەش لەچوارچێوەی
پلانە سەربازییە پەسەندکراوەکاندایە".
بهگوێرهى وتەی سەرچاوەکە،
پڕۆسەکانی دوبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانو تاقیکردنەوەی ئامادەیی، لەچوارچێوەی ڕێوشوێنە
سەربازییە باوەکانو ڕێکخستنی شوێنی بڵاوبونەوەی هێزەکاندایەو پەیوەندییان بەهیچ جۆرە
دۆخێکی ئامادەباشی یان گۆڕانکاریی ئەمنیی کتوپڕەوە نییە.
لەبەرامبەریشدا، سەرچاوەیەکی
ئەمنیی عێراقی ئاشکرایکردوه، دۆخی ئامادەباشیو کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی لەناوخاکی
سوریاو لەبەردەم سنورەکانی عێراق، زیاتر لە 72 کاتژمێرە بەردەوامە.
سەرچاوەكه ڕونیکردوهتهوه،
"ئەو هێزە سوریانەی لەناو قووڵایی خاکی سوریاو بەرامبەر سنوری عێراق کۆکراونەتەوە،
پێکهاتەی جیاواز لەخۆدەگرن، لەوانەش هێزی پیادەو زرێپۆش".
ئاماژەی بەوەشکردوه،
"هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەنزیکەوە چاودێریی ئەوەدەکەن کە لەسەر هێڵی سنوریی ڕودەدات،
هەروەها چاودێرییەکی مەیدانیی ڕونیان هەیە بۆ پەرەسەندنەکان، هاوکات ڕێوشوێنی پێشوەختەش
لەبەرامبەر ئەوەی لەلایەنی سوریادا دەگوزەرێت گرتوەتەبەر، بەجۆرێک، ئاسایشی سنورەکان
بەهێزبکرێتو ئامادەیی هێزەکان دەستەبەربکات".
لەلایەکی دیكهوه دوێنێ
شارپرێس وهك یهكهم میدیاى كوردى لهزارى كهنداڵ جودى پهیامنێریهوه لهڕۆژئاواى
كوردستان بڵاویکردەوە، سوپای سوریا دۆخی ئامادەباشی سەربازیی ڕاگەیاندوە، بێئەوەی
تائێستا هۆکارەکانی ڕونبن.
پهیامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى
كوردستان ئاشكرایكردبوو، دەسەڵاتدارانی سوریا تائێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکیان سەبارەت
بەهۆکارەکانی ڕاگەیاندنی دۆخی ئامادەباشی بڵاونەکردوەتەوە.
وهكو كهنداڵ وتویهتى،
وەزارەتی بەرگریی فەرمانی بەهێزەکانی کردوە کە بچنە دۆخی هۆشداریی پۆلێنی (ج)و هێزەکانیان
لەسەر سنوری (سوریا ـ عێراق) بڵاوە پێبکەن، سەرچاوە سەربازییەکان بەمیدیاکانی سوریایان
وتوه، دۆخی ئامادەباشی ڕاگەیەندراوەو ڕێنمایی دراوەتە سەربازو ئەندامانی سوپا کە
دەستبەجێ پەیوەندیی بەیەکە سەربازییەکانی خۆیانەوە بکەنەوە.
