شارپرێس:
لەژێر کاریگەریی کێبڕکێی
توندی بازاڕو ترسی لەدەستدانی کڕیارەکان، عێراق ناچاربوو داشکاندنی گەورە لەنرخی نەوتەکەیدا
بکات، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی کەنداو بەهۆی زیادبونی بەرهەمهێنانو دابینکردنی بەردەوامی
ڕێڕەوەکانیانەوە، نەوتی خۆیان بەنرخێکی کەمتر خستە بازاڕەوە.
لەژێر گوشارێکی توندی
ئابوریدا کە لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە دروستبوە، عێراق لەترسی لەدەستدانی پشکی خۆی
لەبازاڕی جیهانیدا، ناچاربوو نرخەکانی زۆر دابشكێنێت، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، وڵاتانی
کەنداو بەهۆی پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەیانو بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان،
نرخەکانیان هێنایە خوارەوە، ئەمەش عێراقی خستە دۆخێکی ناچارییەوە تاوەکو بۆ ڕاکێشانی
کڕیارەکان داشکاندنی نزیکەی 25 تا 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لەنەوتی "بەسرەی
مامناوەندو قورس" ڕابگەیەنێت، لەکاتێکدا نەوتی برێنت لەدەوروبەری 85 بۆ 89 دۆلارو
نەوتی خاوی تەکساس (WTI)یش بە81 بۆ 83 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پسپۆڕانی ئابوریی
ئاماژە بەوەدەکەن، جوگرافیای بارکردنی نەوتی عێراق بەراورد بەوڵاتانی کەنداو (وەک
سعودیە لەبەندەری ڕەس تەنورە) زیاتر لەباکوری کەنداوە، ئەمەش وادەکات کەشتییەکان ڕێگایەکی
دورتر ببڕن، کاتێک وڵاتانی کەنداو نەوتی خۆیان بەنرخێکی کەمتر دەخەنە بازاڕەوە، عێراق
بۆ هێشتنەوەی کڕیارە ئاسیاییەکانی دەکەوێتە داوی ترسو ناچارییەوە.
بهگوێرهى بەڵگەنامە
فەرمییەکان، کۆمپانیای سۆمۆ ناچاربوە بۆ مانگی ئاب (واته ئهم مانگه) داشکاندنی
گەورە لەنرخی فەرمی (OSP) بۆ نەوتی (بەسرەی مامناوەند) بەبەهای 25 بۆ 27 دۆلارو بۆ نەوتی
قورسى بەسرەش بەبەهای 27.80 بۆ 29.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ڕابگەیەنێت تاوەکو کڕیارەکان
ڕازیی بکات سەرکێشیی کەشتیوانیی بکەن.
ئەم هەڕاجکردنە ناوخۆییەی
ناوچەکە لەکاتێکدایە کە نەوتی برێنتی جیهانیی، لەدەوروبەری 85 بۆ 89 دۆلار مامەڵەی
پێوە دەکرێتو نەوتی خاوی تەکساس (WTI)یش لەنێوان 81 بۆ 83 دۆلاردایە، بەڵام عێراق بەهۆی ئەم دۆخە ناچارییەوە،
ناتوانێت بەو نرخە پێوەرانە نەوتەکەی بفرۆشێت.
عەلی نزار شەتەری سەرۆکی
کۆمپانیای سۆمۆى عێراقى، بەرگریی لەوڵاتەکەی کرد لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی کە
داشکاندنی زۆر بۆ فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی دەکات لەنێوان شەڕی ئێستای ناوچەکەدا، وتی،
"لهناو وڵاتانی کەنداودا هەیه تەنها بە 40 بۆ 45 دۆلار نەوت دەفرۆشن".
بهوتهى شهتهرى،
"پێش شەڕی ئێران، ڕۆژانە سێ ملیۆنو 400 هەزار بەرمیلمان هەناردە دەکرد، ئەوەی
توانیمان لەمانگی تەمموزی ڕابردودا بیفرۆشین بەدرێژایی مانگ نزیکەی 35 ملیۆنو 500
هەزار بەرمیل بوو لەبەندەرەکانی باشورەوە، ئەمە جگەلەوەی حهوت ملیۆن بەرمیل لەڕێگەی
بەندەری جەیهانەوە، بەبەراورد بەکۆی گشتیی 24.5 ملیۆن بەرمیل بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەمانگی حوزەیراندا".
