لەلوتکەی دەسەڵاتەوە بۆ جەنگی پارتیزانی؛ چیرۆکی 330 هێرشى ژه‌نراڵه‌ یاخیه‌كه‌

جیهان

57 خولەک پێش ئێستا‌ 809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەیەکەم‌و توندترین پەیامی میدیایی خۆیدا، ژەنەراڵ یاسین زیا سەرۆکی بەرەی ئازادیی ئەفغانستان (AFF)و باڵاترین بەرپرسی سەربازیی پێشوی کابول، هۆشدارییەکی توند دەداتە حکومەتی کابول‌و ڕایدەگەیەنێت، "فۆرمی گرتنه‌ده‌ستى دەسەڵات بەزەبری هێز بەسەرچوە"، ده‌شڵێت، "هێزی چەکداریی ئامانجی ستراتیژیی ئێمه‌ نییە، بەڵکو تەنها فشارێکی ناچارییە بۆ تێکشکاندنی ئەو قۆرخکارییە ڕەهایەی تاڵیبان دروستیکردوە"، هۆشداریشدەدات، داخستنی دەرگاکانی دیموکراسی‌و بەربەستەکانی بەردەم ژنان، ئەفغانستانی گەیاندوەتە قۆناغی تەقینەوە.


خەنجەری ڕێککەوتنی دەوحەو داڕمانی کۆماری پێشوو
ژەنەراڵ یاسین زیا بەڕاشکاوی دانی پێدادەنێت کە داڕمانی ڕژێمی پێشوی ئەفغانستان، ئەنجامی کتوپڕی یەک سات نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی ساڵانێکی درێژخایەنی ناوەندگەرێتی توندی دەسەڵات، گەندەڵی‌و ترسی پشتبەستن بەهێزە دەرەکییەکان بوو، ئەو پێیوایە، ڕێککەوتننامەی دەوحە کە لەپشت پەردەوەو به‌بێ بەشداریی گەل واژۆکرا، خەنجەرێکی کوشندە بوه‌ لەپشتی هێزە ئەمنییەکان، سەرەڕای ئەوەی هەزاران سەرباز تا دوا دۆڵۆپی خوێنیان شەڕیان کرد.

330 ئۆپراسیۆنی مەیدانی؛ سوپای سێبەر لەدژی ملهوڕیی
بەرەی ئازادیی ئەفغانستان (AFF) کە لەساڵی 2022وە لەپاشماوەی هێزە چەکدارە نیشتمانییەکانی ئەفغانستان دامەزراوە، تاسەرەتای ساڵی 2025 زیاتر لە 330 ئۆپه‌راسیۆنی گەریلایی لەدژی هێزەکانی تاڵیبان ئەنجامداوە، وه‌كو زیا ده‌ڵێت، "خەباتی ئێمه‌ بۆ گۆڕینی قۆرخکارییەک نییە بەقۆرخکارییەکی دیكه‌، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە بۆ سندوقەکانی دەنگدان‌و دامەزراندنی سیستمێکی نا ناوەندیی (لامەرکەزی) یەکسان".

هاوبەشی لەئازاردا؛ مافی ژنان هێڵی سورە
ژەنەراڵ یاسین زیا جەختدەکاتەوە، شەڕی ئەوان دژ بەنەتەوەیەکی تایبەت نییە، چونکە تاڵیبان نوێنەرایەتی هیچ پێکهاتەیەک ناکات، بەڵکو سەرجەم نەتەوەکانی ئەفغانستان (تاجیک، پشتون، هەزارە، ئۆزبەک، تورکمان، بەلوچ‌و نورستانی) هاوشێوەی یەک ئازاری جیاکاریی‌و ملهوڕیی ئەم بزوتنەوەیەیان چەشتوە، لەڕوانگەی بەرەکەوە، مافەکانی ژنان بۆ خوێندن، کارکردن‌و ڕابەرایەتیکردنی سیاسیی، یەکێکە لەبنەما نەگۆڕو هێڵە سورەکان کە لەهیچ سازشێکی سیاسیدا قابیلی مامەڵەکردن نییە.

مەرجەکانی ئاشتیی‌و کشانەوە لەتۆڵەسەندنەوە
سەرۆکی بەرەکە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان ڕێگەی ئاشتی ڕەتناکەنەوە، بەڵام مافی گەل لەدیاریکردنی چارەنوسی خۆی، پاراستنی مافی ژنان‌و ڕەتکردنەوەی سیستمی میرنشینی (ئیمارات) هێڵی سورن، لەگەڵ ئەوەشدا، زیا ئامادەیی بەرەکەی نیشاندەدات بۆ نواندنی نەرمی لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پارێزگاکان، قۆناغی گواستنەوەو لێخۆشبون لەو چەکدارانەی تاڵیبان کە دەستیان بەخوێنی هاوڵاتیان سور نەبوە، ئەمەش تەنها بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەخولی بەردەوامی تۆڵەسەندنەوە لەمێژوی وڵاتەکەدا.

ژه‌نه‌راڵه‌ یاخیه‌كه‌ كێیه‌؟
ژەنەراڵ یاسین زیا لەناوچەی (شەکەر دەرە) لەویلایەتی کابول لەدایکبوە، لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021، باڵاترین پۆستی سەربازیی هەبوە وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستان، لەساڵی 2021دا بۆ ماوەیەک ئەرکی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستانی بەڕێوەبردوە، لەساڵانی 2017 تا 2020 لەم پۆستانەدا خزمەتیکردوە، لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017، لەباکوری ئەفغانستان پارێزگار بوەو ڕۆڵی هەبوە لەسەقامگیرکردنی ناوچەکە لەدژی چەکدارانی تاڵیبان، پێشتریش وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای نیشتمانیی هەواڵگری ئەفغانستان کاریکردوە.

ژەنەراڵ یاسین زیا لەدوای ڕوخانی کابول لەئابی 2021، نەچوە ژێر باری فەرمانڕوایی بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان‌و ڕێگەی بەرگریی چەکداری هەڵبژاردو لەئاداری ساڵی 2022دا بەفەرمی دامەزراندنی بەرەی ئازادیی ئەفغانستانی ڕاگەیاند، ستراتیژەکانی بریتین لەشەڕی شارو پارتیزانیی، لەڕێگەی شانە چەکدارەکانییەوە لەناوجەرگەی کابولی پایتەخت‌و ویلایەتەکانی باکور (وەک بەدەخشان، تەخار، بەغلان‌و پەروان) هێرشی ڕێکخراو دەکاتەسەر فەرماندەو چەکدارانی تاڵیبان.

هه‌روه‌ك زانراویشه‌، دەستیکردوە بەکۆکردنەوەو ڕێکخستنەوەی ئەفسەرو سەربازانی پێشوی سوپای ئەفغانستان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی سەربازیی بەهێز، یاسین زیا-و هێزەکانی لەنزیکەوە هاوکاری سەربازیی‌و سیاسیی لەگەڵ ئەحمەد مەسعود (سەرۆکی بەرەی بەرگریی نیشتمانی) دەکەن بەمەبەستی یەکخستنی هێزە دژبەرەکانی تاڵیبان.

لەچاوپێکەوتنێكى ته‌له‌فزیۆنیدا، ژه‌نراڵه‌ یاخیه‌كه‌ى ئه‌فغانستان ده‌ڵێت، "تاڵیبان شەرعییەتی گەلی نییەو داوای سیستمێکی دیموکراتی لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک، یەکسانی، دادپەروەریی‌و پاراستنی مافەکانی ژنان ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتى تاڵیبان بوەتە چەترێک بۆ گەشەکردنی گروپە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانی وەک داعش‌و سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ى قاعیدە، بۆیە شەڕمان دژى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌، بەشێکه‌ لەهێزی دژەتیرۆری جیهانیی".