شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا
حاڵەتی ئامادەباشی باڵای ئەمنییان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەناوچەی بارهەڵگرتنی فڕۆکەخانەی
(لایپزیگ-هالە) لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو دۆزرایەوەو هاوکات فڕۆکەیەکی
بارهەڵگریش لەئاسماندا خۆى کێشا بەتەنێکی نەناسراودا، ئەم ڕوداوانه لەیەکێک لەگرنگترین
ناوەندە ستراتیژییەکانی ناتۆو گواستنەوەی کاڵا بۆ ئۆکرانیا ڕویداوە، ئەمەش وایکردوە،
هێزەکانی دژەتیرۆر بچنە ناو دۆسیەکەوە.
پوچەڵکردنەوەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەو
ڕاگرتنی گەشتەکان
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا
ڕایگەیاند، یەکەکانی سەر بەبەشی دژەتیرۆرو توندڕەویی، لێکۆڵینەوەیان لەڕوداوەکە دەستپێکردوە،
ئەمەش دوای ئەوەهات، کارمەندێکی فڕۆکەخانەکە درۆنێکی دۆزییەوە کە "تەقەمەنییەکی
نەناسراو"ی پێوەبوو، پۆلیسی ئەڵمانیا توانییان چاشکەی تەقینەوەی درۆنەکە بەسەلامەتی
لێبکەنەوەو پوچەڵی بکەنەوە، ئەم ڕوداوە بوە هۆی ڕاگرتنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان،
دواتر یەکێک لەشەقامەکانی نیشتنەوەی فڕۆکە کرایەوە، بەڵام شەقامی باشوری فڕۆکەخانەکە
بۆ تەواوکردنی پشکنینەکان بەداخراوی مایەوە.
پێکدادانی فڕۆکەیەک لەگەڵ
تەنێکی گوماناوی
لەلایەکی دیكهوه، وتەبێژی
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگر
کە بڕیاربوو لەفڕۆکەخانەکە بنیشێتەوە، گەشتەکەی هەڵوەشاندوەتەوەو لەکاتی دورکەوتنەوەیدا،
خۆى کێشاوە بەتەنێکی گوماناویدا، ههربۆیه فڕۆکەکە ناچاربوه ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێتو
بەسەلامەتی لەفڕۆکەخانەی هانۆڤەر بنیشێتەوە، لهلایهكى دیكهوه دەسەڵاتدارانی ئهو
وڵاتهش پشتڕاستیانکردەوە کە فڕۆکەکە زیانی سوکی بەرکەوتوە.
فڕۆکەخانەیەکی ستراتیژیی
ناتۆ
فڕۆکەخانەی (لایپزیگ-هالە)
یەکێکە لەگرنگترین ناوەندەکانی بارکردنی ئاسمانی لەئەڵمانیاو ناوەندی سەرەکی لۆجستی
کۆمپانیای (DHL)ی جیهانییە
لەئەوروپا، هاوكات ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەگواستنەوەی چهكو تهقهمهنى سوپای ئەڵمانیاو
هێزەکانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، جگەلەوەی وەک بنکەیەک بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی
ئۆکرانیا بەکاردێت بۆ گواستنەوەی کاڵاو پێداویستی بۆ ئەو وڵاتە.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا
جەختدەکەنەوە، لەئێستادا هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی سەرنشینانو کارمەندانی فڕۆکەخانەکە
نەماوەو كاریگهرى نهكردوهتهسهر گەشتە مەدەنییەکان، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامنو
بەهۆی هەستیاری دۆسیەکەوە زانیاری زیاتر بڵاوناکرێتەوە.
ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە
کە ئەڵمانیا ماوەی چەند مانگێکە لەئامادەباشیدایە بەهۆی بینینی بەردەوامی درۆنی نەناسراو
بەسەر بنکە سەربازییەکان، وێستگەکانی وزە، بەندەرەکانو کۆمپانیا لۆجستییەکاندا، پێشتریش
پۆلیسی فیدراڵی هۆشداریدابوو لەوەی، پێدەچێت بریکارەکانی ڕوسیا لەپشت هەندێک لەوکارانەوەبن،
هەرچەندە مۆسکۆ هەمیشە ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردوەتەوە.
