شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل ئاستی
ئامادەیی هێزە دەریاییەکانی گەیاندە بەرزترین ئاست، بەهۆی مەترسیی هێرشی پێشوەختهی
ئێرانو تێکدانی کەشتیوانی لەدەریای سور، مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
هێرشی موشەکیو دزەکردنی هێزهكانى کۆماندۆى حهماس، بەڕێوەدەبات.
هێزە دەریاییەکانی ئیسرائیل
یەکێک لەگەورەترینو بەرفراوانترین مانۆڕە سەربازییەکانی خۆیان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا
دەستپێکرد، ئەم هەنگاوە دوای هەڕەشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسدارانی ئێران دێت کە
تێیدا ئاماژە بەئەگەرو نیەتی وەشاندنی هێرشى پێشوەختە لەدژی بنکە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل
لەکەناراوەکانو ناو دەریاکان کرابوو.
ڕاپۆرتە سەربازییەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، سوپای ئیسرائیل بەجدییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەگەری بەئامانجگرتنی ژێرخانە
گرنگەکانی وزە دەکات، مانۆڕەکە ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە؛ لەناوچەی (شافی تسیون)
لەباکوری دەریای ناوەڕاستەوە تاوهكو (ئەشدۆد) لەباشور، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی مەشقو
ڕاهێنانی چڕ لەدەریای سورو لەنزیک کەناراوەکانی بەندەری ئیلات.
گرنگترین ئەو سیناریۆیانەی
هێزەکانی ئیسرائیل مەشقی لەسەر دەکەن بریتین لەبەرپەرچدانەوەی هێرشی موشەکیو فڕۆکەی
بێفڕۆکەوان بۆسەر سەکۆکانی غازو وێستگەکانی دابەشکردنی کارەباو ئاو، ڕێگریکردن لەهێرشی
کۆماندۆی دەریایی حهماسو ئێرانیى، هاوشێوەی ئەو هێرشەی لەحهوتى ئۆکتۆبەردا ڕویدا،
ههروهها ڕوبەڕوبونەوەی هاوکاتی هەڕەشەکان لەلایەن لوبنان، گەروی بابولمهندهب
لهدەریای سورو کەرتی غەززە.
لەکۆتا قۆناغی ئەم مانۆڕەدا،
سەدان سەرباز لەپاڵ کەشتییە موشەکهاوێژەکان، ژێر دەریاییەکانو یەکەکانی ئاسایشی دەریایی
بەشدارن، هەروەها هێزی کۆماندۆی دەریایی ناسراو بە(شەیێتەت 13) كه بەهێزترینو سەرەکیترین
یەکەی کۆماندۆی دەریاییە لەسوپای ئیسرائیلدا، بەشدارە.
سوپای ئیسرائیل بۆ یەکەمجار
کۆپتەرە دەریاییە نوێیەکانی لەجۆری (بلاک هۆک) لەڕێگەی دەستەی نوێی هێزی ئاسمانییەوە
خستەگەڕ، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی توانای مانۆڕو گواستنەوەی خێرای هێزەکان لەکاتی تەنگژە
دەریاییەکاندا.