وتەبێژی دەم پارتی ڕونكردنەوە لەبارەی كەموكوڕییەكانی پرۆژەیاسای ئاشتی دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 291 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


وتەبێژی دەم پارتی لە ناوەندی گشتیی پارتەكەی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بۆ داهاتووی هاوبەشمان، بۆ ژیانێكی دیموكراتیك لە توركیا، هەنگاوی سەرەتا نراوە."

ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، ڕەشنووسە یاساییەكە وەكو یەكەم هەنگاوە كە زەمینەی شەڕ بەرەو زەمینەی سیاسەتی دیموكراتیك و یاسا دەبات  و یەكەم دەرگای پرۆسەیەكی یاسایی و سیاسی كرایەوە كە بە ڕۆژێك یاخود ماوەیەكەوە نەبەستراوەتەوە. دوای دەیان ساڵ شەڕ، بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕێی بەرەو ئاشتی، قۆناغ بە قۆناغە. لە كاتی لەم شێوەیەدا ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، پێویستە نە زۆر ستاییش بكرێن، نە بە كەم سەیر بكرێن، نە پشتگوێ بخرێن و نە بەهۆی كەموكوڕییەكانیانەوە بێ بەها بكرێن. بێگومان باس لە كەموكوڕییەكان دەكەین و ڕەخنەیان لێ دەگرین". 

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕێی پێشنیارەكانمانەوە هەوڵدەدەین پرۆسەكە بەهێز بكەین. پارتەكەمان چەندین ساڵە تێكۆشانی ئاشتی و دیموكراسی بێ وچان، بە قوربانیدانەوە درێژە پێ دەدات. هەر بۆیە بە بڕیاردارییەكی سیاسیی دامەزرێنەر كە دەرفەتە هەنووكەییەكان دەبینێت و بە بەرپرسیارێتی هەڵدەستێت، بۆ هەمیشە درێژە بەم تێكۆشانە دەدەین."

وتەبێژی دەم پارتی دەشڵێت: "ئەو یاسایە بۆ ٨٦ ملیۆن كەس زۆر گرنگ بوو. ئەو واژۆیە بۆ داهاتووی ئێمە واتادار بوو. ئێمە دەڵێین بۆ ئەو كەسانەی كە بۆ ژیانێكی هاوبەش تێدەكۆشن، خێردار بێت. ئێمە بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو كەسانە دەكەینەوە كە باجی گەورەیان داوە. ئێمە دەست بە سەردەمێكی مێژوویی دەكەین".