ڕێککەوتننامەی مەککە هاوکێشەکانی بەرپەرچدانەوە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.. ئایا ناوچەکە پێدەنێتە قۆناغێکی ئەمنیی نوێوە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1429 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای واژۆکردنی «ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش» لەنێوان سعودیه‌، تورکیاو پاکستان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە قۆناغێکی نوێ لەڕێکخستنی ئەمنیی کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە هەر هێرشێکی چەکداریی بۆسەر یەکێک لەم سێ وڵاتە وەک هێرش بۆسەر هەموان هەژماردەکرێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە چاودێران بەوە وەسفیدەکەن، لەسنوری هاریکاریی سەربازیی نەریتی لایداوەو بەرەو جۆرێک لەبەرگریی بەکۆمەڵ هەنگاوی ناوە، لەکاتێکدا هەرسێ وڵاتەکە جەختدەکەنەوە، ڕێککەوتنەکە هیچ لایەنێکی دیاریکراو ناکاتە ئامانج.


به‌گوێره‌ى بەیاننامەیه‌كى هاوبەشى ئه‌و سێ وڵاته‌، ڕێککەوتننامەکە ئامانجی بەهێزکردنی بەرپەرچدانەوەی هاوبەش‌و فراوانکردنی هاریکاریی بەرگرییە، بەشێوەیەک کە بەشداربێت لەبەدیهێنانی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەیی‌و بنەما بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی درێژخایەن لەنێوان هەرسێ وڵاتەکەدا دابڕێژێت.

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە جەختیکردەوە، ڕێککەوتننامەکە وێستگەیەکی گرنگە لەکاروانی هاریکاریی بەرگریداو بەرجەستەکردنی ئیرادەی سیاسیی هاوبەشە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشەیانەی دەست بۆ ئاسایشی ناوچەکە دەبەن.

لەهەمانکاتدا، شازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعودیە، ڕێککەوتنەکەی وەک چوارچێوەیەک بۆ هاوبەشیی بەرگریی درێژخایەن وەسفکرد کە بەرپەرچدانەوە، هەماهەنگی‌و تەواوکاریی سەربازیی بەهێز دەکات.

ڕائید قرملی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بۆ دیپلۆماسیی گشتیی ڕونیکردەوە، ڕێککەوتننامەکە بەرهەمی دانوستاندنی چەند ساڵێکەو ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی هاوبەش‌و بەهێزکردنی ئامادەیی‌و تەواوکاریی سەربازییە.

ئەو جەختیشیکردەوە، ئەمە نوێنەرایەتیی تەوەرێکی سەربازیی یان هاوپەیمانێتییەک دژی هیچ دەوڵەتێک ناکات‌و هیچ پەیوەندییەکی بەپێشبڕکێی خۆپڕچەککردن یان بەرنامە ئەتۆمییەکانەوە نییە.

لای خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لەلێدوانانێکدا کە (ئەلمەدا) بەدواداچونی بۆکردوە، جەختیکردەوە، ڕێککەوتننامەکە هیچ دەوڵەتێک ناکاتە ئامانج‌و ئاماژەی بەوەدا، دەرگای ڕێککەوتنەکە واڵایە لەبەردەم ئەو وڵاتانەی ئارەزوی پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوچەیی دەکەن.

هەروەها جەودەت یەڵماز جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی مێژوییە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ، هاریکاریی بەرگریی‌و پیشەسازیی سەربازیی‌و پێشبینیشیکرد، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر هاریکاریی ئابوریی‌و وەبەرهێنانیش هەبێت.

موئەیەد جوبێر توێژەر لەکاروباری سیاسیدا لەشیکارییەکدا پێیوایە، گرنگیی ڕێککەوتننامەکە تەنها لەبەندە سەربازییەکانیدا نییە، بەڵکو لەگواستنەوەیدایە لەئاستی هاریکاریی بەرگرییەوە بۆ بنەمای بەرگریی هاوبەش.

ئەو پێیوایە، ئەو دەستەواژەیەی کە دەڵێت، هەر هێرشێک بۆسەر یەکێک لەم سێ وڵاتە وەک هێرش بۆسەر هەموانە، جەوهەری ڕێککەوتنەکەو دیارترین وەرچەرخانیەتی.

جوبێر ئاماژە بەوەشدەکات، ڕێککەوتنەکە ڕەنگدانەوەی خواستی سعودیەیە بۆ هەمەجۆرکردنی هاوبەشییە ئەمنییەکانی لەژێر سێبەری گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا، هەروەها بۆ سودوەرگرتن لەتوانای سەربازیی‌و پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیاو ئەزمونی سەربازیی پاکستان لەپاڵ تواناکانی وەبەرهێنانی سعودیەدا، ئەمەش دەرفەت لەبەردەم بونیادنانی سیستەمێکی هاریکاریی بەرگریی تەواوکارتر دەکاتەوە.

ئەوه‌شى وت، "بەهای ڕێککەوتنەکە تەنها لەڕەهەندە سەربازییەکەیدا کورتنابێتەوە، بەڵکو بۆ ڕەهەندی سیاسییش درێژدەبێتەوە؛ چونکە تورکیاو پاکستان پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ناوچەکەدا هەیە، لەوانەش ئێران، ئەمەش ڕەنگە ڕۆڵێکیان پێببەخشێت لەکۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان‌و ڕێگریکردن لەپەرەسەندنی گرژییەکان، لەپاڵ ڕۆڵەکەیان لەبەهێزکردنی بەرپەرچدانەوەدا".

لەکاتێکدا ڕیازو ئەنكەرە جەختدەکەنەوە، ڕێککەوتننامەکە دژی ئێران نییە، بەڵام توێژەرەکە پێیوایە، ئەو ژینگەی ئەمنییەی کە ڕێککەوتنەکەی بەرهەمهێناوە، تاران دەکاتە یەکێک لەدیارترین ئەو لایەنانەی کە چاودێریی لێکەوتەکانی دەکات.

زیاتر ڕونیدەکاتەوە، "جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەوەی بگوترێت ڕێککەوتنەکە ئێران دەکاتە ئامانج، لەگەڵ دانپێدانان بەوەی کە ڕێککەوتنەکە هاوکێشەکانی بەرپەرچدانەوە سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە لەژینگەیەکدا کە هەژمونی ئێرانی یەکێکە لەدیارترین توخمەکانی".

شیکارییەکە بەوە کۆتایی دێت کە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ڕێککەوتننامەی مەککە لەحاڵەتی شەڕە نەریتییەکاندا نابێت، بەڵکو لەڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە ناناوازانەدا (ناڕێکخراوانە) دەبێت، وەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)و موشەکەکان، یان بەئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکان‌و هێڵەکانی دەریاوانی‌و وزە کە ئەم هه‌ڕه‌شانه‌ بونەتە دیارترین سیفەتی ململانێکان لەناوچەکەدا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا.

بەپەلە