مرۆڤەکان چۆن عاشق دەبن؟

هەمەڕەنگ

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 162 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئایا عاشقبوون تەنها ڕووداوێکی هەستیارە، یان مێشکمان پێش ئەوەی خۆمان تێبگەین، بڕیار لەسەر هاوبەشی خۆشەویستیی داهاتوومان دەدات؟ ئایا مێشکمان پێشتر هاوبەشی سۆزدارى خۆی هەڵبژاردووە؟ ئەم پرسیارانە لە کۆنترین ئەو پرسیارانەن کە مێشکی مرۆڤیان ساڵانێکی زۆرە بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
زاناکان چییان لەسەر ئەم بابەتە دۆزیوەتەوە؟
ئەمە پرسیارێکە کە زانایانی دەمارناسی، دەروونناسان و زانایانی بواری زیندەزانیی گەشەکردنی مرۆڤ ساڵانێکی زۆرە بەدوای وەڵامیدا دەگەڕێن.
ئەنجامی دەیان ساڵ توێژینەوە پیشانی دەدات کە خۆشەویستی، بە پێچەوانەی ئەوەی بە شێوەیەکی باو باوەڕی پێدەکرێت، تەنها هەستێکی نهێنی و سەرسوڕهێنەر نییە؛ بەڵکو بەرهەمی کارلێکی ئاڵۆزی ملیاران خانەی دەمار، هۆرمۆنەکان، جینەکان، بیرەوەرییەکان و ئەزموونەکانی ژیانە.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە زاناکان هاوکێشەى خۆشەویستی یان دۆزیوەتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەوان دەڵێن مێشکی مرۆڤ تەنها ئەگەری عاشقبوون دروست دەکات، نەک ئەوەی بتوانێت پێشتر دیاری بکات کە کێ دەبێتە هاوبەشی ژیانمان.

مێشک لە چەند چرکەی یەکەمدا چی هەڵدەسەنگێنێت؟
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە مێشک لە هەمان ساتە سەرەتاییەکانی یەکەم دیدار لەگەڵ کەسێک، بڕێکی زۆر لە زانیارییەکان بە خێرایی پرۆسێس دەکات.
ڕووخسار، شێوازی دەنگ، چاوەکان، زمانی جەستە، بۆنی سروشتیی جەستە، شێوازی قسەکردن و تەنانەت هاوشێوەییە رفتارییەکان، هەموویان لەو هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەدا ڕۆڵ دەبینن.

بەشێکی زۆر لە پرۆسەکردنی زانیارییەکان لە دەرەوەی ئاگایی ئێمە ڕوودەدەن. واتە پێش ئەوەی خۆمان هەست بکەین کە حەزمان لە کەسێکە، مێشکمان دەستیکردووە بە بەراوردکردنی زانیارییە نوێیەکان لەگەڵ بیرەوەرییەکان، ئەزموونەکانی ڕابردوو و ئەو شێواز و مۆدێلانەی لە مێشکماندا هەڵگیراون.

خۆشەویستی لە کام بەشی مێشکەوە دەست پێدەکات؟
بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک کات پێمان وایە، خۆشەویستی لە خاڵێکی دیاریکراوی مێشکدا دروست نابێت.
وێنەگرتنی مێشک بە تەکنیکی fMRI پیشانی داوە کە کاتێک کەسێک سەیری وێنەی ئەو کەسە دەکات کە خۆشی دەوێت، ناوچەیەک بە ناوی Ventral Tegmental Area (VTA) و بەشێک لە Caudate Nucleus چالاک دەبن.

ئەم ناوچانە بە سیستەمی پاداشتی مێشکەوە پەیوەندیدارن و لە هاندانی مرۆڤ، چێژ و فێربووندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن.
بۆیە زاناکان هەندێک جار خۆشەویستیی رۆمانسی بە جۆرێک سیستەمی هاندەر وەسف دەکەن، نەک تەنها وەک هەستێک.

دوپامین؛ مادەیەک کە وا دەکات بەردەوام بیر لە کەسێک بکەینەوە
یەکێک لە گرنگترین کاراکتەرەکانی ئەم پرۆسەیە دوپامینە. کاتێک کەسێک بۆمان سەرنجڕاکێش دەبێت، چالاکیی سیستمی پاداشتی مێشک زیاد دەبێت و دوپامین زیاتر ئازاد دەکرێت. ئەنجامی ئەمە دەتوانێت بریتی بێت لە هەستی خۆشحاڵی ، زیادبوونی وزە، سەرنجدانی زۆرى کەسێکی دیاریکراو و ئارەزووی بەهێز بۆ دووبارە بینینەوەی ئەو کەسە.

بەم شێوەیە، ئەوەی ئێمە بە ناوی عاشقبوون دەیناسین، تەنها هەستێکی سادە نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی مێشک و دەروونە کە چەندین سیستمی جیاواز لە جەستە و مێشکدا تێیدا بەشداری دەکەن.