شارپرێس:
گروپی حوسییە هاوپەیمانەکانی ئێران لەیەمەن هێرشەکانیان بۆسەر سعودیەو هێزەکانی حکومەتی یەمەن، لەلایەن ڕیازەوە پشتگیریی دەکرێن، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردوە.
ئەم هەڵکشانه لەکاتێکدا ڕودەدات کە نیگەرانییەکان لەوە زیاتر دەبن کە ئێران بەهۆی حوسییەکانەوە بەرەیەکی نوێ لەیەمەنو دەریای سوربکاتەوە، بۆئەوەی گوشاربخاتەسەر واشنتۆنو هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی لەپێناو کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر ئێران.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، حوسییەکان لەسەنعای پایتەخ نمایشێکی سەربازییان ئەنجامداوە بۆ پیشاندانی ئامادەییو توانایان، ئەمە دوای ئەوەی کە چەند هەفتە پێشتر سعودیە فڕۆکەخانەی سەنعای بۆردومانکردو ژمارەیەک لە کادرە سەرەکییەکانی میلیشیاکە کوژران.
لەهێرشێکی نوێدا، موشەکو درۆنەکانی حوسییەکان بەندەری مەخا لەڕۆژئاوای یەمەنیان کردە ئامانج؛ سەرچاوە حکومییەکان باس لەکوژرانی حهوت کەسو برینداربونی 30 کەسی دیکە دەکەن.
لەهەمانکاتدا، حوسییەکان ڕایانگەیاندوە، پاڵاوگەیەکی نەوتی ئارامکۆ لەجیزان بەدرۆنێک کراوەتە ئامانج.
وەزارەتی وزەی سعودیە ئاگرکەوتنەوەیەکی لەدامەزراوەیەکی پاڵاوگەکە پشتڕاستکردوهتەوە، بەڵام هۆکاری ڕوداوەکەی دیارینەکردوە.
هەروەها، هێرشکردنەسەر کەشتییە بازرگانیو نەوتبەرە سعودییەکان لەدەریای سور، مەترسییەکانی گواستنەوەو بازرگانی لەناوچەکەی زیاترکردوە.
شارەزایان ئەم بارودۆخە بە"یەکخستنی بەرەکانی جەنگ" دەناسێنن؛ واتە هاوکارییەکی ئۆپەراسیۆنی لەنێوان حوسییەکانو میلیشیا عێراقییەکان، لەژێر ڕێنمایی ئێران.
حوسییەکان هەرچەندە ئەجێندای ناوخۆییو یەمەنیی خۆیان هەیە، بەڵام ساڵانێکە پشتیوانییان لەئێرانو بەرەی ناسراو بەمقاوەمە کردوە، لەکۆتایی مانگی حهوتیشدا، حوسییەکان ڕایانگەیاندوە، دەریا بهڕوى سعودیەدا دادەخەنو هێرشدهكهنهسهر کەشتییە نەوتییەکانیان.
بابولمەندەب کە کەنداوی عەدەنو ئۆقیانوسی هیندی بەدەریای سورەوە دەبەستێتەوە، یەکێکە لەگرنگترین ڕێڕەوەکانی بازرگانیی جیهانی، داخستنی ئەم گەروە لەگەڵ مەترسییەکانی گەروی هۆرمز، دەتوانێت گواستنەوەی نەوتو کاڵاو شمەک تێکبدات.
بهگوێرهى هەڵسەنگاندنی شارەزایان، گوشاری هاوبەشی ئێران لەهورمزو حوسییەکان لەبابولمەندەب ئامانجی دروستکردنی فشارێکی گەورەترە لەسەر ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
