پێنج ناوچەی عێراق چونه‌ ڕیزی گەرمترین شوێنەکانی سەر گۆی زەوی

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەپۆلێکی گەرمای تاقه‌تپڕوكێن زۆربەی ناوچەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەشێوەیەک لەدوێنێ چوارشەممەوه‌ پلەکانی گەرما لەهەشت پارێزگای ناوەڕاست‌و باشور، هێڵی 50 پلەی سەدییان بەزاندو لەهەندێک شوێنیش گەیشتنە 52 پلە، ئەمەش وایکرد پێنج ناوچەی عێراق بچنە ڕیزی گەرمترین شوێنەکانی سەر گۆی زەوی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا.


به‌گوێره‌ى خشتەیەکی فەرمیی دەستەی کەشناسیی عێراق، پارێزگای بەسرە بەتۆمارکردنی 52 پلەی سەدی بەرزترین پلەی گەرمای لەسەر ئاستی وڵاتەکە هەبوە، هاوکات پارێزگاکانی (میسان، زیقارو موسه‌نا) 51 پلەی سەدییان تۆمارکردوە، لەکاتێکدا پارێزگاکانی (دیوانیە، نەجەف، واست‌و دیالە) گەیشتونەتە 50 پلەی سەدی، لەبەرامبەردا، پارێزگاکانی سلێمانی‌و دهۆک بە 41 پلەی سەدی، فێنکترین ناوچەکانی عێراق بون.

داتاکانی چاودێریی جیهانیی کەشوهەوا ئاشکرایانکردوە، (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە، ناحیەی کوت ئەلحی، ڕیفاعی، ناسریەو سەماوە) لەڕیزی 15 گەرمترین ناوچەکانی جیهان بون لەماوەی شەوو ڕۆژی ڕابردودا.

لەلایەکی دیکەوە، سادق عەتیە شارەزای کەشناسی هۆشداریداوه‌ لەبەردەوامیی ئەو کەشوهەوا ماندوکەرو خنکێنەرە لەبەغدادو لەڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەدا، ئەمەش بەهۆی کزیی‌و وەستانی جوڵەی با.

عەتیە ئاماژەی بەوەشکردوه‌، بەهۆی کەمبونی با لەچینەکانی نزیک لەڕوی زەوی، ڕێژەی گازە پیسبوەکانی ناو هەوا لەکاتەکانی بەیانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

سەبارەت بەکۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلەش، دەستەی کەشناسیی عێراق کاتەکەی دیاریکردوەو ڕایگەیاندوە، دوای ناوەڕاستی مانگی ئاب (دواى 15 ئه‌م مانگه‌)، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی پلەبەپلە لەزۆربەی شارەکاندا ڕوو لەدابەزین دەکەن، هەرچەندە ڕێژەی دابەزینەکە لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیكه‌ جیاواز دەبێت.