موجتەباو پیاوانی جەنگ؛ تاران بەرەو بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ هەنگاودەنێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگەڕاندنەوەی ئەندازیارانی سەرکوتکردنی ناوخۆیی‌و فەرماندە دێرینەکانی بەرەی جەنگ، موجتەبا خامنەیی پۆستە هەستیارو ستراتیژییەکانى سوپای پاسدارانی ڕێکخستەوە، بەو هیوایەی لەیەککاتدا ڕەوایەتی بەدەسەڵاتەکەی بدات‌و گەروی هورمز-یش بکاتە کارتی هەمیشەیی فشارەکانی، دامەزراندنی زنجیرەیەک فەرماندەی توندڕەو لەپۆستە هەستیارەکانی وڵاتدا لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە، کێشانی نەخشەیەکی نوێیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێڵەکانی وزەی جیهانی‌و ڕێگریکردن لەهەر لێکترازانێکی ناوخۆیی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوكى.


لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوبەڕوی یەکێک لەقورسترین قەیرانە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی دەبێتەوە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشوو، هەنگاوە خێراو یەکلاکەرەوەکانی موجتەبا خامنەیی لەداڕشتنەوەی هەرەمی ئەمنی‌و سەربازیی وڵاتەکەدا، ئاماژەیەکی ڕونن بۆ ستراتیژیەتی قۆناغی داهاتوی تاران، دامەزراندنی زنجیرەیەک لەفەرماندە کۆن‌و توندڕەوەکانی سوپای پاسداران لەپۆستە هه‌ره‌ باڵاو هەستیارەکاندا، تەنها پڕکردنەوەی پێگەی خاڵی نەبوو، بەڵکو نەخشەڕێگه‌یەکە بۆ چەند ئامانجێکی سەرەکیی.

جێگیرکردنی پێگەی دەسەڵاتی موجتەباو ڕەوایەتیدان بەقۆناغی نوێ
دیاریکردنی ئەو سەرکردانەی کە بۆ چەندین دەیە دڵسۆزی باوکی بون، ئامانجی یەکەمی چەسپاندنی دەسەڵاتی موجتەبا خۆیەتی، ئەو دەیەوێت بەناوخۆو دەرەوەی ڕابگەیەنێت، قۆناغی نوێ بەهیچ شێوەیەک لەهێڵە گشتییەکانی پێشوو لانادات، پاراستنی "پاسەوانانی کۆن" لەچواردەوری خۆی، ڕەوایەتییەکی شۆڕشگێڕیی خێرا بەدەسەڵاتەکەی دەبەخشێت‌و ڕێگریی لەهەر لێکترازانێک دەکات لەناو دامەزراوە سەربازییەکاندا.

ئامادەکاری بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە ڕاپەڕین‌و نەزمێکی ناوخۆیی
هێنانەوەی کەسایەتییەکی وەک حسێن تائیب بۆ سەرۆکایەتی هێزەکانی (به‌سیج)، پەیامێکی توندە بۆ شەقامی ئێرانی، تائیب ئەندازیاری سەرکوتکردنی خوێناوی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009یە، ئامانجی موجتەبا لێرەدا هێشتنەوەی ئامادەیی تەواوی دەزگا ئەمنییەکانە بۆ بەرپەرچدانەوەی خێرای هەر بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی کە ڕەنگە لەمکاتە هەستیارەدا سەرهەڵبدات.

پیشاندانی چاوترسێنی‌و توندوتیژیی لەبەرامبەر دۆناڵد ترەمپ
تاران خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ ئامادە دەکات کە دەیەوێت سازشی پێبکات، دانانی ئەحمەد وەحیدی وەک فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران‌و موحسین ڕەزایی لەئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، نیشانەی ستراتیژیەتی هێرشبەری بەهێزەو پەیامێكى ڕونی تارانه‌ بۆ ئەمریکا كه‌ ئه‌ویش، "هیچ پاشەکشەیەک لەبەرنامە ئەتۆمی‌و موشەکییەکانماندا ناكه‌ین".

کۆنترۆڵکردنی ڕەهای گەروی هورمزو بەکارهێنانی وەک کارتی فشار
بڕیاری سپاردنی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بەعەلی عەزمائی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەئامانجی ئێرانەوە هەیە بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر گەروی هورمزو کەنداوی عوماندا، موجتەبا دەیەوێت لەڕێگەی هەڕەشەکردن لەهێڵەکانی گواستنەوەی وزەو بازرگانی جیهانیی، کارتی گوشارێکی گەورە دژی واشنتۆن بەکاربهێنێت‌و ڕێگریی لەهەر هێرشێکی سەربازیی پێشوەختە بکات.

سودوەرگرتن لەلێهاتویی (پیاوانی جەنگ) بۆ ئەگەری هێرشی هەمەلایەنە
شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەدەکەن، عێراق‌و ناوچەکەو ئێران لەبەردەم مەترسی شەڕێکی گەورەدان، دامەزراندنی فەرماندەیه‌كى وەک عەلی عەبدوڵڵاهی لەتیمی پلانداڕشتنی سەربازیدا، ئامانجی قۆستنەوەی ئەزمونی درێژخایەنی ئەو فەرماندە دێرینانەیە لەبەرەی جەنگدا، سیستەمەکە پێویستی بەسەرکردایەتییەک هەیە کە لەکاتی هێرشی ئاسمانی یان وشکانی ئەمریکادا، توانای ئیدارەدانی قەیرانە گەورەکانی هەبێت.