عێراق ژماره‌یه‌ك باڵیۆزخانە دادەخات‌و دیپلۆماتکارانیش چوار مانگه‌ موچەیان پێنه‌دراوه‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2585 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەهۆی تەشەنەسەندنی قەیرانێکی دارایی قوڵ‌و کەمبونەوەی داهاتە نەوتییەکان، بڕیاریدا چوار باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لەدەرەوە دابخات، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، گرژییەکانی گەروی هورمزو کەمبونەوەی هەناردەی نەوت، پەککەوتنی گەورەی لەسەرچاوەی سەرەکی داهاتی بەغدا دروستکردوە.


بڕیارە نوێیەکانی کەمکردنەوەی خەرجی
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ناڵى (حوڕە) بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، وەزارەتی دەرەوەى عێراق دەستیکردوە بەدوبارە پۆلێنکردنەوەی نێردە دیپلۆماتییەکان به‌گوێره‌ى گرنگی‌و تێچوی کارکردنیان، گرنگترین بڕیارەکانیش بریتین له‌داخستنی چوار باڵیۆزخانە لەو شوێنانەی پێویستیان کەمترە، هه‌روه‌ها بڕینی تیکتی گەشتی ساڵانەی فەرمانبەران‌و خستنەئەستۆی خۆیان، له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی دڵنیایی تەندروستی بۆ سەرجەم کارمەندانی نێردەکان.

کێشەی موچەو کرێی باڵەخانەکان
ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژەى به‌وه‌كردوه‌، زۆربەی نێردە دیپلۆماتییەکانی عێراق ماوەی چوار مانگە نەیانتوانیوە کرێی ڕاوێژکاریی‌و باڵەخانەی باڵیۆزخانەکان‌و شوێنی نیشتەجێبونی فەرمانبەران بدەن، هاوکات موچەی دیپلۆماتکاران‌و کارمەندانی دەرەوەش بۆ هەمان ماوە دواکەوتوە.

دۆخی دارایی ناوخۆو بودجەی 2026
ئەم قەیرانە تەنها باڵیۆزخانەکانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو فالح ساری وەزیری دارایی هۆشداریداوە لەهەبونی ئاستەنگی ڕاستەقینە لەدابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ موچەی ناوخۆ.

بەهۆی غیابی بودجەی ساڵی 2026و کارکردنی حکومەت وەک کاربەڕێکەر له‌ماوه‌ى ڕابردوداو ئێستاش حكومه‌تى شه‌رغى بێ دەسەڵاته‌ بۆ بابه‌تى قەرزکردن، هه‌ربۆیه‌ حکومەت ناچاربوە پەنا بباتەبەر بەکارهێنانی یەدەگی دراو.

داتای زیانە نەوتییەکان
به‌گوێره‌ى ئامارەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، زیانە ئابورییەکانی عێراق بەمشێوەیەن، هەناردەی عێراق لەڕێگەی گەروی هورمزەوە لەمانگی نیساندا، گەیشتوەتە 10 ملیۆن بەرمیل، لەکاتێکدا پێشتر مانگانە 93 ملیۆن بەرمیل بوە، پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، ڕۆژانە سێ ملیۆن‌و 400 هه‌زار بەرمیل نەوت لەبەندەرەکانی بەسرەوە هەناردە دەکرا، ئەمەش عێراق دەکاتە یەکێک لەزیانمەندترین وڵاتانی کەنداو.

حکومەتی عێراق بەهۆی گرژییەکانی گەروی هورمزو دابەزینی هەناردەی نەوته‌كه‌ى، ڕوبەڕوی کورتهێنانی دارایی گەورە بوەتەوە کە تێیدا داهاتی مانگانە تەنها دەگاتە نزیکەی سێ ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار لەکاتێکدا تەنها بۆ موچه پێویستی بەهه‌شت ترلیۆن دینارە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم قه‌یرانه‌ش بەهۆی غیابی بودجەی 2026وه‌، حکومەت پەنای بردوەتە بەر ڕێکارە داراییەکانی بانکی ناوەندیی‌و بەکارهێنانی بەشێک لەیەدەگی دراو، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران‌و فالح ساری وەزیری دارایی ڕایگەیاند، یەدەگی عێراق 109 ترلیۆن دینارە.

شارەزایانی ئابوریی هۆشداریدەدەن، بەردەوامبونی ڕاکێشان لەیەدەگی ستراتیژیی بۆ خەرجییە ڕۆژانەکان‌و موچە، مەترسی بۆسەر بەهای دینارو سەقامگیری ئابوریی درێژخایەن دروستدەکات، حکومەتیش لەئێستادا لەڕێگەی گۆڕینەوەی حەواڵەکانی خەزێنە لەگەڵ بانکی ناوەندیی، خەریکی دابینکردنی نەختینەی خێرایە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەدواکەوتنی زیاتری موچەی فەرمانبەران بکات.

بەپەلە