شارپرێس:
پێشنوێژی مزگەوتی ئەبو حەنیفەی نوعمان لەبەغدا، ڕەخنەی توند لەبڕیارێکی
حکومەت دەگرێتو گێڕانەوەی (شەهیدبونی پێغەمبەر) ڕەتدەکاتەوە، دهشڵێت، "ههموو
ئەو گێڕانەوانەی کە باس لەبونی پیلانگێڕیی بۆ ژەهرخواردکردنی پێغەمبەر دەکەن درۆن".
بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ ڕاگەیاندنی پشوی فەرمی بەبۆنەی یادی کۆچی
دوایی پێغەمبەر (د.خ) لەژێر ناوی "شەهیدبون"، کاردانەوەی ئایینیو کۆمەڵایەتی
بەدوای خۆیداهێنا؛ بەجۆرێک شێخ عەبدولستار عەبدولجەبار پێشنوێژی مزگەوتی ئەبو حەنیفەی
نوعمان لەبەغدا، بەئاشکرا ڕەخنەی لەم ناونیشانەى حكومهت گرت.
شێخ عەبدولجەبار لەکاتی پێشکەشکردنی وتاری دوێنێ هەینیدا ڕایگەیاند،
"قورئانی پیرۆز بەدەقێکی ڕون، پارێزراویو عیسمەتی پێغەمبەر لەکوشتن دەسەلمێنێت،
کاتێک دەفەرموێت، " "والله يعصمك من الناس"، ناوبراو
ئاماژەی بەوەشکردوه، ئەم دەقە خوداییە هەموو جۆرە تەمومژییەک لەسەر مردنی پێغەمبەر
لادەبات.
پێشنوێژی مزگەوتی ئەعزەمییە تەواوی ئەو گێڕانەوانەی کە باس لەبونی پیلانگێڕیی
بۆ ژەهرخواردکردنی پێغەمبەر دەکەن، بە"بانگهشهى درۆ" ناوبرد، جەختیشیکردەوە،
برەودان بەم تێزە، بەواتای تانەدان لەدەقی قورئان، هاوەڵانی پێغەمبەرو دایکانی ئیمانداران
دێت.
ئەم هەڵوێستە توندەی پیاوانی ئایینی لەکاتێکدایە، یاسای نوێی پشوە فەرمییەکان
لەعێراق بەردەوام کێشەی سیاسییو تائیفی لێدەکەوێتەوە، چاودێران پێیانوایە، گۆڕینی
چەمکی "کۆچی دوایی" بۆ "شەهیدبون" لەدەقە فەرمییەکانی حکومەتدا،
زیاتر گرژیی ئایینی لەوڵاتەکەدا قوڵدەکاتەوەو جۆرێک لەجیاکاریی مەزهەبی نیشاندەدات.
