تره‌مپ هەڕەشەی وەشاندنی گورزێکی توند لەتاران دەکات‌و پاکستان هۆشداریده‌دات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەردەوامیی هەڕەشەکانی دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بەوەشاندنی گورزێکی ئابوریی بەهێزو کەمەرشکێن لەئێران، باکوری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە شایەتی جوڵەیەکی خێرای دیپلۆماسییە بۆ ڕێگریکردن لەتەقینەوەی دۆخەکە.


محەممەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ناتالی بێکەر باڵیۆزی ئەمریکا لەئیسلام ئاباد، بەفەرمی داوای لەواشنتۆن کرد کە دانبەخۆداگرتن پەیڕەو بکات.

وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران کردەوە، وەک تەنها ڕێگه‌ بۆ ڕێگریکردن لەداڕمانی سەقامگیریی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هێورکردنەوەی دۆخەکەو پەنابردنەبەر گفتوگۆو دیپلۆماسی، تاکە دەستەبەری بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوامە.

ئیسلام ئاباد هۆشداریداوە، هەرجۆرە وەشاندنی گورزێکی ئابوریی یان سەربازیی نوێ دژ بەتاران، دەرەنجامی خراپی بۆ ئاسایشی وڵاتانی هاوسێش لێدەکەوێتەوە.