شارپرێس:
ئەمڕۆ هەینی، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەروازە سنورییەكانی ڕێنمایی كرد، سیستمی پشتیوانی دارایی خودی لە ڕێگەی باج و گومرگەوە جێبەجێ بكەن، هاوكات جەختی لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كردەوە.
زەیدی سەردانی بارەگای دەستەی دەروازە سنورییەكانی لە بەغدا كرد و لەوێ لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و كارمەندانی دەروازە سنورییەكان كۆبووەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەك زەیدی ستایشی هەوڵەكان و ڕۆڵی ئەوانی كرد لە پاراستنی سەروەری و ئابوری وڵات، و دەستەبەركردنی سەلامەتی هاوڵاتیان.
زەیدی جەختی لەوە كردەوە كە دەروازە سنورییەكان نوێنەرایەتی ڕوی دەوڵەت و دەروازەی ئابوری و ئەمنی و سەروەری دەوڵەت دەكەن. جەختی لەسەر خێراكردنی تەواوكردنی پڕۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی دەروازە سنورییەكان و كۆتاییهێنان بە ساختەكاری و گەندەڵی كردەوە.
ڕێنمایشی كرد كە هەموو دەروازە سنورییەكان بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنی بەهێزەوە ببەسترێنەوە، ڕاپۆرتێكی ڕۆژانەی گشتگیر سەبارەت بە كارەكان و داهاتەكان پێشكەش بكرێت، و سود لە پراكتیزە نێودەوڵەتییە پێشەنگەكان لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەكان وەربگیرێت.