شوێنپێیەکی 150 ملیۆن ساڵە نهێنیی ڕۆشتنی دایناسۆرێکی زەبەلاح ئاشکرا دەکات

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمێک لە توێژەران لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە زنجیرە شوێنپێیەکی دەگمەن و بەبەردبوو لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمریکا، زانیاریی نوێیان دەربارەی شێوازی جووڵەی دایناسۆرێکی زەبەلاح کە بەر لە 150 ملیۆن ساڵ ژیاوە ئاشکرا کرد. 

ئەم شوێنپێیانە کە دەکەونە نزیک شاری ئۆرای، درێژترین و چەماوەترین ڕێڕەوی دیکۆمێنتکراوی دایناسۆرەکانی "سۆرۆپۆد"ن و بە درێژایی 95.5 مەتر درێژ دەبنەوە و زیاتر لە 130 شوێنپێ لەخۆدەگرن.

دکتۆر ئەنتۆنی ڕۆمیلیۆ لە تاقیگەی دایناسۆرەکان لە زانکۆی کوینزلاند ڕوونیکردۆتەوە کە تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم ڕێڕەوە پێکهێنانی خولگەیەکی تەواوە، بەجۆرێک ئاژەڵەکە ئاڕاستەی جوڵەی گۆڕیوە و سوراوەتەوە. 

توێژەران بۆ دیکۆمێنتکردنی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە سودیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) وەرگرتووە و مۆدێلێکی سێ ڕەهەندی وردیان بە تەکنەلۆژیای بەرز دروستکردووە تا بزوتنەوەی ئاژەڵەکە شیبکەنەوە.

زانیارییە کۆکراوەکان دەریانخستووە کە نێوانی هەنگاوەکانی لای ڕاست و چەپی ئاژەڵەکە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەمەش جیاوازیی نزیکەی 10 سانتیمەتری لە نێوان درێژیی هەنگاوەکاندا دەرخستووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی