شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


شاندی  ئیمراڵی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و مەتحەت سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوە.

شاندی ئیمرالی لەمیانی كۆبوونەوەكەدا كە نزیكەی یەك كاتژمێر و ٤٠ خولەكی خایاند، یاسای "بەهێزكردنی یەكێتی كۆمەڵایەتی و هاوپشتی نیشتمانی"یان تاوتوێ كرد.

هەروەها ئیبراهیم كالن بەرپرسی میت و ئەفكان ئالا جێگری سەرۆكی ئاكەپەش بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد.

شاندی ئیمراڵی لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ناوەرۆكی كۆبونەوەكە دەڵێت، هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتیی و دەرچوونی یاسای كۆدەنگی نیشتمانی و یەكگرتووی كۆمەڵایەتییان تاوتوێكردووە.

دەشڵێت، ئەم یاسایە دەرگایەكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی دیموكراتی و تێكۆشانی سیاسی و هەردوولایەن پرۆسەكە بەرەو پێشەوە دەبەن.

پێش كۆبونەوەكەش لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند كە كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ سەرۆك كۆمار ئەنجام دەدەن و وتی: تاوتوێی چەند بابەتێك دەكەین، هەموو چاوەڕوانییەكان و ئەو شتانە تاوتوێ دەكەین كە دەبێت لە كاتی كۆبوونەوەكەدا ئەنجام بدرێت. لەگەڵ یاساكەدا دەچینە قۆناغێكی نوێ. دەبێت پرۆسەكە بەپەلە ئەنجام بدرێت.

لای خۆیەوە مەتحەت سانجار وتی، ئاشتی ڕێگایەكی دوور و درێژە و یاسا پێویستە بۆ ئەوەی لەسەر ڕێگاكە بەرەو پێشەوە بچین، یەكەم هەنگاوی یاسایی لەگەڵ یاسای چوارچێوەدا نراوە، ئێمە پێشنیارەكانی خۆمان دەخەینەڕوو. هەروەها بۆچوونی خۆمان دەخەینەڕوو سەبارەت بەو هەنگاوانەی كە دوای ئەم یاسایە دەگیرێنەبەر.