شارپرێس:
سوریاو چەندین دەوڵەتی عەرەبی، بەتوندی سەرکۆنەی بڕیاری حکومەتی نوێی
کۆڵۆمبیایان کرد بۆ دانپێدانان بەسەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلانى سوریاو
بڕیارەکەیان وەک "پێشێلکارییەکی زەق" بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکانو میساقی
نەتەوەیەکگرتوەکان وەسفکرد.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختیکردەوە، "جۆلان بەشێکی دانەبڕاوە لەخاکی
سوریاو بڕیارەکەی (دی لا ئیسپـرێیا) سەرۆکی نوێی کۆڵۆمبیا، پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتانە،
هاوكات بەردەوامیی هێرشو دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلیش بۆسەر خاکەکەمان شەرمەزار دهكهین".
لاى خۆیشیهوه ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان،
لەسەردانەکەیدا بۆ سوریا لەتەمموزی ڕابردودا، پابەندبونی ڕێکخراوەکەی بەسەروەرییو
یەکپارچەیی خاکی سوریا دوپاتکردەوەو نیگەرانیی خۆی لەپێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر
ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 نیشاندا.
ههر لهوبارهیهوه وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هاتهدهنگو ڕایگەیاند،
ئەم هەنگاوەی کۆڵۆمبیا بەتەواوی دژ بەبڕیارەکانی شەرعییەتی نێودەوڵەتییە.
دەوڵەتی قەتەر بڕیارەکەی سهرۆكى كۆڵۆمبیاى ڕەتکردەوەو جەختی لەسەر هەڵوێستی
نەگۆڕی خۆی کردەوە کە جۆلان خاکێکی عەرەبیی داگیرکراوەو هۆشداریشیدا کە بڕیارە
تاکلایەنەکان، دەبنە ڕێگر لەبەردەم ئاشتیدا.
کۆمکاری عەرەبیو سەڵتەنەتی عومانو چەندین وڵاتی دیكهى عەرەبی، بڕیارەکەی
سەرۆکی نوێی کۆڵۆمبیایان سەرکۆنەکردو جهختدهكهنهوه، "جۆلان خاكى سوریایهو
ئێستا داگیركراوه".
بڕیارەكهى (دی لا ئیسپـرێیا) سەرۆکی نوێی ڕاستڕەوی کۆڵۆمبیا بەوەرچەرخانێکی
گەورە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دادەنرێت؛ بەوپێیەی سەرۆکی پێشوو (گۆستافۆ پێترۆ)
دۆستێکی نزیکی دۆزی فەڵەستین بوو و بەهۆی ڕەخنەکانی لەهێرشەکانی سەر غەززە، پەیوەندییە
دبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندبوو، هاوكات هاوردەکردنی چەکی ئیسرائیلیشى ڕاگرتبوو.
ئیسرائیل لەساڵی 1967وە بەشێک لەبەرزاییەکانی جۆلانی
سوریای داگیرکردوەو لەساڵی 1981یشهوه بەشێوەیەکی تاکلایەنە بەوڵاتەکەیەوە لکاندویەتی،
ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانەنراوە، تەنها ویلایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا نەبێت، ئێستاش كۆڵۆمبیا هاوشێوهى ئهمریكا بڕیاریداوه.
