شارپرێس:
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كۆبووەوە و هەوڵەكانی دژە گەندەڵی و كۆنترۆڵكردنی چەك و پرسەكانی دیكەی سیاسی و ناوچەیی تاوتوێ كرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی زەیدی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، "زەیدی پێشوازی لە مالیكی كرد، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كۆمەڵێك بابەتی سیاسی و نیشتمانی كرا، لە پێش هەموویانەوە تەواوكردنی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، كە پاڵپشتی ئەدای دامودەزگاكانی دەوڵەت دەكات و كارەكانی حكومەت بەهێزتر دەكات".
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پاڵپشتیكردنی ڕێوشوێنەكانی حكومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی شەفافییەت و چاكسازیی ئابوری و كۆنترۆڵكردنی چەك و چەسپاندنی سەروەری یاسا كراوە كە هەموو ئەمانە بەشدارن لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت.