ڤانس هێرشدەکاتە سەر بەرپرسانی ئێران

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند، تاران هەندێک جار ڕێککەوتن دەکات بەڵام پابەندی بەڵێنەکانی نابێت. 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا واشنتۆن لە پێگەیەکی بەهێزتردایە، بەتایبەت لەکاتێکدا ئێران خاوەنی چەکی ناوەکیی نییە و دۆخی گەرووی هورمزیش بوەتە هۆی سەقامگیریی نرخەکانی نەوت و گاز بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکا.

ڤانس جەختی لەوە کردۆتەوە کە کۆشکی سپی ئامرازی جۆراوجۆری دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازی لەبەردەستدایە و بە شێوەیەکی ستراتیژی بەکاریان دەهێنێت بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانجی سەرەکی؛ یەکەمیان دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداوە بۆ بازاڕەکانی جیهان تا نرخەکان جێگیر بن، دووەمیشیان ڕێگریکردنی یەکجارەکییە لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکیی.

لە لایەکی ترەوە،  پێت هەگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی توانای ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژە بە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بدەن. 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا هەڕەشەی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر ئێران دەکات لە سایەی بێئەنجامبوونی دانوستانەکانی ئاگربەست و بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەیییەکان، کە زیانی گەورەی ئابورییان بە تاران گەیاندووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی