شارپرێس:
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرایان کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە ڕاستی و دروستیی ئەو هۆشدارییە بەردەوامانەی ئیسرائیل پشتڕاست بکەنەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو هۆشدارییانەی لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە ئاراستەی کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییەکان کراون، سناریۆی جۆراوجۆریان تێدا بووە؛ لەوانە تەقەکردن لە ترەمپ لەڕێگەی قەناسەوە، بەکارهێنانی چەقۆ لە بۆنەیەکی جەماوەریدا، و تەنانەت بەکارهێنانی مووشەکی سەرشان بۆ بەئامانجگرتنی فڕۆکەی سەرۆکایەتیی لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ لوتکەی ناتۆ لە ئەنكەرەی پایتەختی تورکیا لە تەمموزی ڕابردوودا.
گواستنەوەی ئەم زانیارییانە پێش هەڵگیرسانی جەنگی 12 ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە حوزەیرانی 2025 دەستی پێکردووە و لە شوباتی ڕابردووشدا پێش بڕیاری واشنتۆن بۆ چوونە ناو جەنگ لەگەڵ تاران چڕتر بۆتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێشبینی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانی دەکرد بۆ کوژرانی قاسم سڵێمانی لە ساڵی 2020، بەڵام بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ بەڵگەیەکی دروست بۆ سەلماندنی هەڕەشە دیاریکراوەکانی ئیسرائیل نەدۆزراوەتەوە. تەنانەت هەواڵگریی تورکیاش ڕایگەیاندووە کە هیچ ئاماژەیەکیان دەستنەکەوتووە پلانی بەئامانجگرتنی ترەمپ لە ئەنكەرە پشتراست بکاتەوە.
سەرەڕای گومانەکان، کۆشکی سپی و دەزگای پاراستنی کەسایەتییەکان (Secret Service) ڕێکاری ئەمنی توندیان گرتەبەر، لەوانە گواستنەوەی نادیاری ترەمپ بۆ فڕۆکەیەکی دیکە لە کاتی گەڕانەوەی لە تورکیا.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکی بڵاوی کردۆتەوە کە شیکارییەکانی CIA زانیارییەکانی ئیسرائیلیان بە "کەمباوەڕ" وەسف کردووە، چونکە تەنها پشتیان بە سەرچاوەی ئیسرائیلی بەستووە. لەم ڕووەوە سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو هەواڵانە زیاتر لە داستان و خەیاڵ دەچن.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە بەشکردنی ئەم زانیارییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئامانج لێی کاریگەریدانان بووە لەسەر بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی کۆشکی سپی بەرامبەر ئێران، هەروەها نیشاندانی نیگەرانی تەلئەبیب بووە بەرامبەر پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
