شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی
لەسەر غەززەو لوبنانە، بەرەیەکی نوێو مەترسیدار لەخاکی سوریاوە خەریکە سەرهەڵدەدات،
ڕاپۆرتێکی شیکاریی قوڵ لەژێر ناونیشانی (ئایا تورکیاو ئیسرائیل بەرەو جەنگ دەچن لەسوریا؟)،
تیشکدەخاتەسەر ئەگەری پێکدادانی دوو زلهێزی ناوچەیی کە پێشتر هاوپەیمان بون، بەڵام
ئێستا لەسەر خاکی سوریا وەک نەیارێکی سەرسەخت دەردەکەون.
بهگوێرهى شیکارییهكى
ماڵپهڕى ئامارگى، پەیوەندییەکانی نێوان ئەنكەرەو تەلئەبیب گەیشتوەتە نزمترین ئاستی
مێژویی، ئەردۆغان کە بەتوندی هێرشدەکاتەسەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ، تەنها بەلێدوانی
سیاسیی نەوەستاوە، گۆڕانکارییەکانی مەیدانی لەسوریا، بەتایبەت لاوازبونی ڕۆڵی ڕوسیا
بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، وایکردوە تورکیاو ئیسرائیل بەبێ ناوبژیوان لەبەرامبەر یەکتر
بوەستنەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەسێ
هۆکاری سەرەکی دەکات کە ڕەنگە تورکیاو ئیسرائیل بەرەو جەنگێکی نەخوازراو بەرێت، یهكهمیان
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیله، تەلئەبیب بەردەوامە لەبۆردومانکردنی بنکەکانی ئێرانو
حزبوڵڵا لەسوریا، کە هەندێکیان زۆر نزیکن لەو ناوچانەی سوپای تورکیای لێیە، هەر
"هەڵەیەکی حسابکراو" لەم هێرشانەدا، دەبێتە هۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆ.
هۆكارى دوهمیش باسى
پشتیوانیی حەماس كراوه كه ئیسرائیل تورکیا تۆمەتباردەکات بەوەی پارێزبەندیی سیاسییو
لۆجستی بۆ سەرکردەکانی حەماس دابیندەکات، ئەمەش تورکیای خستوەتە لیستی ڕەشی ئەمنیی
ئیسرائیلەوە.
هۆكارى سێیهمیش باسى
باکورو ڕۆژههڵاتى سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) كراوه، تورکیا دەترسێت ئیسرائیل پشتیوانی
لەهێزە کوردییەکان (یهپهگه) بکات بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەنكەرە، ئەمەش هێڵی سوری
دەوڵەتی تورکیایە.
سەرچاوەی ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات
کە گوتاری (توند)ی ئەردۆغان دژی ئیسرائیل تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی نییە، بەڵکو
گوزارشتە لەگۆڕانکارییەکی ستراتیژیی لەبنەمای ئەمنیی تورکیادا، لەبەرامبەریشدا، ئیسرائیل
هیچکاتێک وەک ئێستا، تورکیای وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نەبینیوە بۆسهر خۆى.
ئایا سوریا دەبێتە ئەو
گۆڕەپانەی کە تورکیاو ئیسرائیل تێیدا هەموو پردەکان دەسوتێنن؟ ڕاپۆرتەکە بەکراوەیی
جێی دەهێڵێت، بەڵام جەختدەکاتەوە کە "هەوری جەنگ" بەسەر ئاسمانی تەلڕەفعەتو
حەلەبو دیمەشقەوە، نەک هەر ڕەنگی ئێرانی، بەڵکو ئێستا ڕەنگی "تورکیو ئیسرائیلی"شی
گرتوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا لەزۆر
لێدوانیدا ئاماژەی بەوەکردوە کە "ئیسرائیل" وەک سەری مارو سەرچاوەی ناسەقامگیریی
لەناوچەکەدا دەبینێت، تورکیا پێیوایە، ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ گەیشتن بە"خاکی
پیرۆز" کە بەشێکی خاکی تورکیاو سوریاش دەگرێتەوە، بۆیە ئیسرائیل وەک مەترسییەکی
ڕاستەوخۆ دەبینێت.
چاودێران پێیانوایه،
سوریا بوەتە ئەو تەختەی شەترەنجەی کە هەموو سەری مارەکان (یان جەمسەرە دژبەیەکەکان)
تێیدا کۆبونەتەوە، ئیتر جەنگەکە لەنێوان گروپە بچوکەکاندا نەماوە، ئێستا کاتی ئەوەهاتوە
بنهڕهتى کێشەکە دەربکەوێت، کە ئەویش ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی تورکیاو ئیسرائیلە
دوو زلهێزی سەرەکی ناوچەکە کە هەردوکیان خۆیان بەکارەکتەری سەرەکیی دەزانن.
