دادگای بەغدا بڕیارەکانی دژی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگرت‌و سیروان بارزانیش ده‌ڵێت: دادپەروەری سەرکەوت‌و ستەم کۆتاییهات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی یاسایی نوێداو وەک وەڵامێک بۆ کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی گەیاندن، دادگای ڕەسافە لەشاری بەغدا بڕیارێکی گرنگی بەبەرژەوەندیی کۆمپانیای "کۆڕەک تیلیکۆم" دەرکردو سەرجەم ئەو سزایانەی ڕاگرت کە پێشتر دژی کۆمپانیاکە گیرابونەبەر.


ئەمڕۆ یەکشەممە سیروان بارزانی خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، لەلێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى ڕایگەیاند، "دادگای ڕەسافە لەبەغدا فەرمانێکی وەلائی دەرکردوە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە پێشتر لەلایەن سەرۆکی دەستەی گەیاندن‌و گەیاندنی عێراقەوە (CMC) دەرکرابون".

بارزانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەو بڕیارە، جەختیکردەوە، "ئەو هەنگاوانەی پێشتر دژی کۆمپانیاکە گیرابونەبەر، بێبنەما، نایاسایی‌و نادادپەروەرانە بون".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئەم بڕیارەی دادگا کاردانەوەیەکی یاسایی بوو بەرامبەر بەو ستەمەی لەکۆڕەک دەکرا، ئێمە هەمیشە متمانەی تەواومان بەسەروەریی یاساو ڕێکارە دادپەروەرییەکان هەبوە".

خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک ئاماژەی بەوەشکردوه‌، دەرچونی ئەم فەرمانە لەمکاتەدا، سەلمێنەری ئەوەیە کە هیچ بڕیارێکی نایاسایی ناتوانێت لەبەردەم دادپەروەریدا خۆی ڕابگرێت، ئەم بڕیارە نوێیەی دادگای ڕەسافە بەوەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت بۆ پاراستنی مافی کۆمپانیاکەو هەزاران بەشداربوی کە لەماوەی ڕابردودا بەهۆی ئەو بڕیارانەوە توشی ئاستەنگ ببون.

بەدەرچوونی ئەم "فەرمانە وەلائییە"، سەرجەم ئەو ڕێکارە سزاییانەی کە بەرۆکی کۆڕەک تیلیکۆمیان گرتبوو بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێن، تائەوکاتەی دۆسیەکە بەتەواوی لەلایەن دادگاوە یەکلاییدەکرێتەوە.