شارپرێس:
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە ئەگەری ڕوودانی بەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا چیتر نابێت بە ئەگەرێکی دوور سەیر بکرێت. بە بۆچوونی رۆژنامەکە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانە سەربازییەکەی ئەبو زوھور لە سوریا نیشانی دا کە چۆن دەتوانێت ململاێیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵات بە خێرایی دەست پێ بکات.
تورکیا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە، بەڵام ڕۆژنامەکە دەڵێت بابەتی دەستێوەردانی ناتۆ لە بەڕووبوونەوەیەکی گریمانکراو لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل ئاڵۆزترە لەوەی لە سەرەتاوە دەردەکەوێت. لە هەمان کاتدا، هەندێک لە ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل لەبارەی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان و ئەگەری هەنگاوی سەربازیی تورکیا لە سوریا هۆشدارییان داوە.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە لێدوانەکانی تۆم باراک، نێردراوی ئەمریکا بۆ تورکیا و بەرپرسی دۆسیەی سوریا، بوونەتە هۆی مشتومڕێکی توند لە ئیسرائیل. باراک لە گفتوگۆیەکدا وتوویەتی هێرشە ئیسرائیلییەکە بۆسەر بنکە و فڕۆکەخانەکەی ئەبو زھور لەوانەیە ئامانجی ڕاکێشانی تورکیا بۆ ناو ململاێیەک بووبێت.
لێدوانەکانی باراک وەڵامی توندی یسرائیل کاتسی، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی، لێکەوتەوە. کاتس ڕەخنەی لە قسەکانی باراک گرت و وتی ئیسرائیل پێش ئەنجامدانی هێرشەکە زانیارییە هەواڵگرییەکانی بۆ لایەنە ئەمریکییە دەسەڵاتدارەکان ناردووە.
کاتس هەروەها لێدوانەکانی باراکی بە "پڕ لە هەڵە و بۆچوونگەلێک کە لەگەڵ هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناکۆکن" وەسف کرد. ئەم وەڵامە زیاتر پەیوەندیی بە قسەکانی باراک لەبارەی بەرزییەکانی جۆڵانەوە هەبوو؛ باراک وتوویەتی بەرزاییەکانی جۆلان، کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967 داگیری کردووە و ئەمریکا لە ساڵی 2019 پەیوەستکردنی بە ئیسرائیلی قبووڵ کردووە، هێشتا لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
بەم شێوەیە، هێرشی ئەبوو زھور تەنها وەک ئۆپەراسیۆنێکی سنوورداری ئیسرائیل لە سوریا نەماوەتەوە؛ بەڵکو بۆتە خاڵی گرژییەکی نوێ لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا. لە دیدی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە و بەگوێرەی لێدوانەکانی باراک، ئەگەری ئەوە هەیە هەر هەڵەیەکی سیاسیی یان سەربازیی لە سوریا بگۆڕێت بۆ بەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو وڵاتێک کە هەردووکیان پەیوەندیی گرنگیان لەگەڵ واشنتن هەیە.