شارپرێس:
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستگیرکردنی ئەندامێکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆر لەبەغدا، دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ ئۆپراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردوە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" سەرجەم ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکراونەتەوە دەربارەی دەستگیرکردنی ئەندامێکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی ".
ئەوەشیخستەڕوو، دژەتیرۆر دەزگایەکی پیشەییی تایبەتمەندە و لەسەر بنەمای بڕیاری دادگا و بە ڕەزامەندیی نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەکات.
پێشتر، میدیاکانی عێراق باسیان لەوەکردبوو، هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتبون لە"دەزگای دژەتیرۆر"و "بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان"، ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەرو پشکنینیان بۆسەر ماڵی (ئەبو جەعفەر)، ئەندامی مەکتەبی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەناوچەی "بەلەدیات"ی خۆرهەڵاتی بەغدا ئەنجامداوەو دەستگیریان کردوە.