شارپرێس:
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لاپەڕهی ڕابردوی پڕ لەئازار هەڵدەداتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بەفەرمی ناوی سوریای لەلیستی ئەو وڵاتانە دەرهێنا کە پاڵپشتی تیرۆر دەکەن.
ئهحمهد شەرع لەوتارێکی ڤیدیۆیی کورتدا کە لەمیدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاوکرایەوە، وتی، "سوریا بەدەستەکانی خۆی لاپەڕەیەک لەڕابردویەکی پڕ لەئازار دەدڕێنێت، تاوەکو بەرەو ئاسۆکانی گەشەپێدان، ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانەوە هەنگاوبنێت".
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دوای 47 ساڵ دێت لەپۆلێنکردنی سوریا وەک وڵاتێکی پاڵپشتیکاری تیرۆر، کە تێیدا توندترین سزای ئابوریی بەسەردا سەپێنرابوو، بڕیارەکە وەک وەچەرخانێکی مێژویی لەپەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتو کرانەوەی سوریا بەڕوی جیهاندا ئەژماردەکرێت.
سکۆت بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە کە دوای نزیکەی دوساڵ لەڕوخانی حوکمی بەشار ئەسەد لەکانونی یەکەمی 2024 دێت، دەبێتە هۆی هاندانی وەبەرهێنانو سەقامگیری سیاسییو ئابوریی لەسوریا.
جەختیشیکردەوە، "ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ پابەندە بەوەی دەرفەتی گەورە بۆ گەلی سوریا بڕەخسێنێت".
لاى خۆیشیهوه مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، سڕینەوەی ناوی سوریا لەلیستی تیرۆر، ڕێگەی خۆشگوزەرانیی بۆ سورییەکان دەکاتەوەو دوایین ئاستەنگی گەورە لەبەردەم کەرتی تایبەت لادەبات بۆ ئەوەی ئابوریی ئەو وڵاتە تێکەڵی ئابوریی جیهانی ببێتەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەهات کە دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکاو ئەحمەد شەرع سهرۆكى سوریا لەپەراوێزی لوتکەی ناتۆ لەتورکیا کۆبونەوە کە تێیدا بنەماکانی قۆناغێکی نوێ لەپەیوەندییە سیاسییو ئابورییەکانیان تاووتوێکرد.
لەکۆتاییدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەختیکردوهتهوه، هەرچەندە گەمارۆکان لادراون، بەڵام ئەوان بەردەوامدەبن لەچاودێریکردنی دۆخەکەو لێپرسینەوە لەهەرلایەنێک کە دەستى لەکاری تیرۆریستیدا هەبێت.
