عێراق: ناکۆکیی سەبارەت بەمانەوەو میکانیزمی چەکداماڵینی میلیشیاکان بەردەوامن و حکومەت سورە لەسەر هەنگاوەکانی

عیراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ململانێ سیاسییەکان لەسەر چارەنوسی پلانی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکانی عێراق بەردەوامەو بەشێک لە میلیشیاکان ئامادە نین چەکەکانیان اردەستی دەوڵەت یان هێزەکانی حەشدی شەعبی بکەن.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە ناکۆکییەکان لەسەر پلانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی دەخولێنەوە: یەکەمیان تایبەتە بە مۆڵەتی دیاریکراو کە حکومەت تا 30ی ئەیلوولی داهاتووی بۆ داماڵینی چەک داناوە. لە ئێستادا هەوڵێک لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی و بەرپرسانی ئێرانییەوە هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئەم مۆڵەتە تا کۆتایی ئەمساڵ یاخود سەرەتای ساڵی داهاتوو.

تەوەرەی دووەمی ناکۆکییەکان پەیوەندیدارە بە شێوازی داماڵینی چەکەکە؛ حکومەت داوا دەکات چەکی ئەو گرووپانەی لەناو حەشدی شەعبیدا نین دابماڵرێت و کۆگاکان بکەونە ژێر دەسەڵاتی سوپا. لە بەرامبەردا، هەندێک لە گرووپەکان بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن، و هەندێکی دیکەشیان مەرجی ئەوە دەسەپێنن کە چەکەکانیان تەنیا ڕادەستی حەشدی شەعبی بکرێن، تەنانەت هەندێکیان رازیی نین چەکەکانیان رادەستی نە سوپا نە حەشدی شەعبی بکەن.

لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا ناکۆکییەکی نوێ سەریهەڵداوە، بەو پێیەی حکومەت داوا لەو گرووپانە دەکات کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چەکیان بەکارهێناوە ، بەتایبەت لە جەنگی دوایی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی تر، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و نەیەنە ناو حەشد، بەڵکو تەنیا ڕوو لە کاری سیاسی بکەن، ئەمەش ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی ئەو لایەنانە بوەتەوە.

سەبارەت بەوەی ئایا سەرۆک وەزیران ئامرازی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، عەلی زەیدی هەوڵ دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری دووربکەوێتەوە و تەواوی لایەنەکان، بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر ئەم خاڵە هاوڕان. لە هەمان کاتدا سەرۆک وەزیران کارت و ئامرازی بەهێزی لەبەردەستدایە.

حکومەت پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی ڕەوانەی پەرلەمان کردووە بۆ زامنکردنی مافی خزمەت و خانەنشینییان، کە ئەمەش پێگەی سەرۆک وەزیران بەهێزتر دەکات و پشتگیری زیاتری هێزە شیعییەکانی بۆ کۆدەکاتەوە.

جگە لەوەش، زەیدی پپشتیوانییەکی بەهێزی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی لەپشتە کە کە هێزە گەورەکانی شیعه، سووننە و کورد دەگرێتەوە، هاوکات دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی وەک سوپا، دژەتێرۆر، دەزگای هەواڵگریی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بە تەواویی پشتگیریی لە سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت دەکەن.
هەروەها هەڵوێستی مەرجەعییەتی ئایینی لە نەجەف و پشتیوانیی تەیاری سەدر کاریگەریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەهێزیان دروستکردووە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، ئەمریکا پشتیوانیی ئابووریی پێشکەش بە زەیدی دەکات، بە شێوەیەک کە ڕەوانەکردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەستیپێکردۆتەوە و ئاماژەی بەهێز هەن بۆ چالاکیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتەکانی نەوت، گاز و کارەبادا، کە ئەمەش سەرکەوتنی پلانەکە بەهێزتر دەکات.