شارپرێس:
لەپێشهاتێکی ئەمنیی مەترسیداردا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، نیامیی پایتەختی نەیجەر ڕوبەڕوی شەپۆلێکی توندی تەقەکردنو ئاڵۆزیی سەربازی بوەوە کە بهگوێرهى سەرچاوە ئەمنییەکان، هێزەکانی پاسەوانی کۆماریی ڕوبەڕوی کۆمەڵێک سەربازی یاخیبوی ناو هێزە چەکدارەکان بونەتەوە کە هەوڵیانداوە بڕبڕەی دەسەڵات بپچڕێننو بچنە ناو کۆشکی سەرۆکایەتییەوە.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، دەنگی دەستڕێژی چڕی تەقەو تەقینەوە لەکاتژمێر 1:00ی بەرەبەیانەوە لەچەندین گەڕەکی پایتەختدا دەنگیداوەتەوە، ناوەندی سەرەکیی ئاڵۆزییەکان دەوروبەری کۆشکی کۆمارییو "بنکەی ئاسمانیی 101" بوە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نیامی.
ئەم بنکەیە شوێنێکی ناوەندییو ستراتیژییە، چونکە جگە لەبونی بارەگای سەربازیی نیشتمانی، بارەگای سەرەکیی "پەیمانی وڵاتانی ساچل" (نیجەر، بۆڕکینافاسۆو مالی)و بنکەی گشتیی "فەیلەقی ئەفریقا"ی سەر بەوەزارەتی بەرگریی ڕوسیا (فاگنەری پێشوو)ی تێدایە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، پەخشی تەلەفزیۆنی نیشتمانیی وڵاتەکە بەتەواوی ڕاگیراوەو تانکو یەکەی ئەمنیی تۆکمە لەشەقامە سەرەکییەکانو دەوروبەری بینا سیادییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە.
لەبەرامبەردا، ئەنجومەنی سەربازیی دەسەڵاتدار ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردوهتەوەو تێیدا داوای لەهاوڵاتییان کردوە، ئارامیی خۆیان بپارێزنو بەدوای دەنگۆو زانیاریی پشتڕاستنەکراوەدا نەڕۆن.
هێشتا ناسنامەی تەواوی بەڕێوەبەرانی ئەم جوڵەیە نەزانراوە، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم ڕوداوە زۆر مەترسیدارترە لەو هێرشانەی کە لەمانگەکانی کانونی دوەمو حوزەیرانی ڕابردودا ڕویانداو ڕێگەیان پێنەدرا لەدەوروبەری فڕۆکەخانە تێپەڕن.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان کە نەیجەر لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەناوچەی ساچل، دوای دورکەوتنەوە لەفەرەنساو نزیکبونەوە لەڕوسیا، لەجەنگێکی بەردەوامدان لەژێر گوشاری گروپە چەکدارە ناوچەیییەکاندا.
