به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنێکی 100 ساڵە ئەمریکا دەستبەسەر چواریەکی نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1208 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەشێک لەبەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەی ئاشکراکردوە، لەنێوان ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاو ڤەنزوێلادا لەبارەی نەوتەوە ئەنجامدراوەو دواتر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا دێلسی ڕودریگێزەوە ڕاگەیەندرا.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکەی واشنتۆن پۆست، ڕێککەوتنەکە دەسەڵات‌و کۆنترۆڵ دەبەخشێتە واشنتۆن بەسەر پڕۆژە نەوتییەکاندا کە نزیکەی چوارەکی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا پێکدەهێنن کە 17 کێڵگەی نەوتیی لەخۆدەگرێت کە پێویستیان بەژێرخانی گونجاو هەیە بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت.

ئەم ڕێککەوتنە مێژوییە دەقی لەسەر ئەوەداوە کە ئه‌مریكا دەبێتە گەورەترین خاوەن پشک لەکۆمپانیایەکی نوێی هاوبەشی نەوتیدا کە گرێبەستی 100 ساڵەی لەچەندین کێڵگەی نەوتیی ڤەنزوێلادا دەبێت.

پشکی حکومەتی ئەمریکا لەکۆمپانیا نوێیەکەدا دابەشدەبێت لەنێوان خاوەندارێتیکردنی پشکەکان‌و پێدانی گەرەنتی بۆ کڕینی نەوتی بەرهەمهێنراو بەنرخی تێچونی خۆی، بەئامانجی پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا.

هەروەها به‌گوێره‌ى وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەگفتوگۆکان، پێنتاگۆن لەڕێگەی "نوسینگەی سەرمایەی ستراتیژی"یەوە سەرپەرشتیکردنی مۆڵەتی کێڵگە نەوتییەکان‌و هاوکاری دارایی پڕۆژەکان لەڤەنزوێلا دەگرێتە ئەستۆ".