شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری توند دەدات و دەڵێت، بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران بەپەلە، 44 پڕۆژەیاسای گرنگ پەسند بکات، پەیوەست بەكوردیشەوە، جەخت لەپەسندکردنی "یاسای نەوت و گاز" كراوەتەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە 5ـی ئەیلولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتی پێشوازیکردن لەفراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان لەپەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندوە، "44 پڕۆژەیاسا هەن کە زۆر گرنگە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێن، لەوانەش پڕۆژەیاساکانی دەستەی دەرمان و خۆراک، حەشدی شەعبی و دەستەی چاودێریی ناوخۆیی".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە، ئاوەدانکردنەوەی وڵات لەرێگەی دەرکردنی ئەو یاسایانەوە دەبێت کە پاڵپشتیی گەشەپێدان دەکەن. زەیدیی باسی لەپرسی هەموارکردنەوەی "یاسای وەبەرهێنان" کردوە، کە بەوتەی ئەو، "بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی عێراق و دابینکردنی ژێرخانی پڕۆژەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، بایەخێکی زۆری هەیە".
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنەکەی سودانی، پشتیوانیی "بێمەرج و تەواوی" خۆیان بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتەکەی دەربڕیوە، "بەتایبەتی لەرێکارەکانی پەیوەست بەبەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و چاکسازییە ئابورییەکان."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەندامانی فراکسیۆنەکە جەختیان لەپێویستیی پەسندکردنی "یاسای نەوت و گاز" کردوەتەوەو ستایشی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردوە بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبون بەسەر هاوڵاتییاندا.
