دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتۆتەوە.. هاوسەرەکەی ناتانیاهۆ لەسەر بودجەی گشتیی سەدان هەزار دۆلاری لەجوانکارییدا خەرج کردوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی داتا‌ فەرمییەکانی ئیسرائیل، لەسەرەتای ساڵی 2019وە تا ئابی 2026، نزیکەی 392 هەزار دۆلار (1.43 ملیۆن شیکڵ) بۆ خزمەتگوزارییەکانی قژچاککردن، ماکیاژ و خەرجییەکانی پەیوەندیدار بە نوێنەرایەتیکردنی سەرۆک وەزیران خەرج کراوە.

 
ئەم ئامارانە لەوەڵامی داوایەکی دادوەریی "بزوتنەوەی ئازادیی زانیاری" لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە ئاشکرا کراون و دەریخستووە کە بنیامین نەتانیاهۆ و سارای هاوسەری نزیکەی 90%ی کۆی ئەم خەرجییانەیان بردووە.

بەراوردی ساڵانە جیاوازییەکی زۆر لە خەرجییەکاندا دەردەخات؛ لە ساڵی 2022دا لە سەردەمی نەفتالی بێنێت و یائیر لاپید کۆی خەرجییەکان نزیکەی 23 هەزار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا بەرزبۆتەوە بۆ 85.5 هەزار دۆلار و لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە بەرزترین ئاست کە 92.3 هەزار دۆلار بووە.

خەرجییەکان تەنیا لە ناوخۆی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو گەشتەکانی دەرەوەشی گرتۆتەوە؛ سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ واشنتۆن لە شوباتی 2025 بە تێچووی 13.5 هەزار دۆلار بۆ ماکیاژ و قژچاککردن بەرزترین بڕ بووە، هەروەها سەردانەکەی تەموزی 2024 بۆ هەمان شار 11.5 هەزار دۆلاری تێچووە.

لە بەشێکی دیکەی داتا‌کاندا هاتووه‌ کە نزیکەی 129.5 هەزار دۆلار بۆ "خەرجییەکانی نوێنەرایەتیکردن" (خەرجییەکانی پۆشاک و میوانداری) تەرخانکراوە، کە نەتانیاهۆ 111.8 هەزار دۆلار، بێنێت 15.6 هەزار دۆلار و لاپید 2.2 هەزار دۆلاریان لێ وەرگرتووە.

دەسەڵاتداران زانیارییەکانی پەیوەست بە خشڵ و پۆشاکیان پێشکەش نەکردووە و ناوی ماکیاژکار و قژچاککەرەکانیشیان بە هۆکاری ئەمنی شاردۆتەوە. هێدی نیگێڤ، بەڕێوەبەری بزووتنەوەی ئازادیی زانیاریی، ڕەخنەی توندی لە ناچاربوونیان بۆ پەنابردنە بەر دادگا گرتووە و جەختی لە گرنگیی چاودێریکردنی پارەی گشتی و شەفافیەت کردۆتەوە.