كۆتا وادە نزیك دەبێتەوەو عێراق هۆشداری بەگروپە چەكدارەكان دەدات

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، رۆژی 30ـی ئەم مانگە وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانان. دەشڵێت، پڕۆسەی ڕێکخستنی چەک بەردەوامە و هیچ مۆڵەتێکی نوێ بۆ چەکدانانی گروپە چەکدارەکان دیاری نەکراوە
.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند رۆژی 30ـی ئەم مانگە (ئەیلوول) وادەی کۆتایی دەبێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی "عەزمی پۆڵاین" لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە دوای ئەو رێکەوتەوە دەچێتە قۆناغی هاوکاری و تەواوکارییەوه.

سەبارەت بەرەوشی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی چەک، ئەو وتەبێژە جەختیکردەوە، داعش لە عێراق کۆتایی هاتوەو هیچ مەترسییەکی نەماوە.

وتیشی، حکومەت بەهیچ شێوەیەک رێگە بەبونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت و هەڕەشەکردن لەوڵاتانی دراوسێ نادات، دووپاتیشیکردەوە پرۆسەی رێکخستنەوەی چەک بەپێی روانگەی حکومەت بەڕێوەدەچێت و هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو لەگەڵ گروپە چەکدارەکان نییە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی ئاشکرای کرد، ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بەرزبوەتەوە و رۆتین تێپەڕێنراوە، بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان داواکراوان راستەوخۆ رادەستی سەنتەری هەماهەنگی دەکات.

باسی لەوەشکرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەپێشینەی کارەکانی فەرماندەی گشتییەو بەم زوانە بەرهەمی نوێ لەکۆریای باشور، تورکیاو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە دەگاتە دەست هێزەکان.