شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق، پێشنیازێکیان داوەتە حکومەتی فیدراڵی تاوەکو مووچە و دەرماڵەی هێزەکانی پێشمەرگە بخرێتە سەر خەرجییە سیادییەکان. ئامانج لەم هەنگاوەش ئەوەیە مافەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق یەکسان بێت و جیاوازییان لەنێواندا نەمێنێت.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامی شاندی باڵای دانوستان، ڕایگەیاند: داوامان کردووە 450 ملیار دینار بۆ سەر تەرخانکراوی مووچەی ئێستای 148 هەزار پێشمەرگە زیاد بکرێت و لەسەر بنەمای دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، شایستەکانیان هاوتای وەزارەتی بەرگری بکرێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێداگری دەکات کە شاندەکەیان بەردەوام دەبێت لە داواکردن و پاراستنی ئەم مافە تاوەکو لە یاسای بودجەدا جێگیر دەکرێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە یەکخستنەوەی هێزەکان دەبێت بە یەکسانکردنی ماف و شایستەکانیش تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی بژێویی خێزانی پێشمەرگە باشتر بێت.