ڕۆیتەرز: بەرپرسێکی باڵای ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەروی هورمز لەماوەی حەوت ڕۆژدا ئاشکرادەكات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی ئەمرۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەتوانێت لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، بە مەڕجێک ویلایەتە یەکگرتووەکان گوشاری سەربازیی کەم بکاتەوە و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت.

ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە وەفدی ئێرانی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە بۆ بووژاندنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتۆن.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی، بەرپرسێکی دیاری حکومەتی ئێران ڕوونیکردۆتەوە کە تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیارێکی پێشکەش کردووە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز لە بەرامبەر هەنگاوی سەرەتایی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەربازی. 

دەشڵێت پێشنیارەکە داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەکات بە ئامانجی کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە کارە دوژمنکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لەکاتێکدا بەرپرسەکە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مەسعود پزیشکیان و دۆناڵد ترەمپی ڕەتکردۆتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە "ئەگەری پێشکەوتن بەرەو ڕێککەوتن هەیە" و جەختی لەسەر پێویستیی دەربڕینی "جیددییەت و پێبەندی" لەلایەن واشنتۆنەوە کردەوە.