ئامێری ستارلینك دەگاتە عێراق و ئینتەرنێتەكە دەكەوێتەكار

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرایدەکات، لەچەند ڕۆژی داهاتودا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی دەگاتە دەست بەکارهێنەران و کێشە گومرگییەکانی ئەو کۆمپانیایەش چارەسەر کراون.


دەستەکە ڕاشیگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لەبەدواداچون بۆ دۆسیەی ئەو ئامێرانەی ستارلینک کە پێشتر ڕاگیرابون، ئەوەش بەمەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گەیشتنیان بۆ بازاڕەکانی عێراق.

هەروەها ڕوونیکردەوە، دواکەوتنی بارەکان پەیوەندی بەرێکارەکانیانەوە نەبوە، بەڵکوو بەهۆی تەواوکردنی پێداویستییەکانی سیستمی گومرگی ئاسیکۆدا بوە لەلایەن ستارلینکەوە. 

ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیاکە سەرجەم مەرجە یاسایی، گومرگی و باجەکانی جێبەجێ کردوە.

لەهەمان کاتدا بەلیغ ئەبوکەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن لەدەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، لەگەڵ فالح ساری وەزیری دارایی کۆبوەتەوە بۆ ئاسانکاری لەهاتنەناوەوەی ئامێرە رێگەپێدراوەکان. 
دەستەکە جەختی لەوە کردەوە، بەچارەسەرکردنی ئاستەنگە یاساییەکان، پرۆسەی هاتنەناوەوەی ئامێرەکانی ستارلینک کەوتوەتە سەر رێڕەوی خۆی و بارەکانی داهاتوش بەئاسانی دەگەنە دەست هاوڵاتییان.

خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک کە سەر بەکۆمپانیای (سپەیس ئێکس)ـە و لەلایەن ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن مەسکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، پشت بەتۆڕێکی گەورەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت لەخولگەی نزمدا بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا بۆ ئەو ناوچانەی ژێرخانی ئینتەرنێتیان لاوازە.