لەکاتی زۆر خواردنی شەکردا، چی بەسەر جەستەدا دێت؟

تەندروستی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەکری زیادە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کیمیای خانەکان و هەوکردن و پرۆتینەکانی پێست هەبێت، لەکاتێکدا خۆراکی هاوسەنگ زیاتر لە کەمکردنەوەی کالۆری لەخۆدەگرێت، لەوبارەیەوە ناتالیا دینیسۆڤا، پسپۆڕی بواری خۆراکیی لە رووسیا باسی لەوەکردووە کە  خواردنی زۆری شەکرە سادەکان پەیوەندیی بە زیادبوونی مەترسی چەوری زۆر، شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنەوە هەیە.

ئەو دەڵێت: بۆ کەسێک کە ڕۆژانە نزیکەی 2000 کالۆری بەکاردەهێنێت، پێشنیار دەکرێت شەکری زیادکراو لە 50 گرام زیاتر نەبێت، لە کاتێکدا کەمکردنەوەی بۆ نزیکەی 25 گرام دەتوانێت مەترسییەکان کەم بکات. یەکێک لە پرۆسە گرنگەکان “گڵایکەیشن”ە؛ واتە بەستنەوەی مولیکولەکانی شەکر بە پرۆتینەکان کە دەتوانێت کاریگەریی لە کارکردنیان و تەندرووستیی خانەکان دابنێت.


ئەوەش هاتووە: خواردنی شەکر تەنها پەیوەندیی بە نەخۆشییە هەناوییەکانییەوە نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری لە پێستیش دابنێت، چونکە گۆڕانی پرۆتینی کۆلاجین دەتوانێت لە کەمبوونەوەی نەرمیی و کشانەوەی پێستدا بەشدار بێت.

بەپێی ڕوونکردنەوەکە، خواردنی تەندرووست تەنها بە کەمکردنەوەی کالۆری یان شەکر پەیوەندیدار نییە، بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی خۆراکیی جۆراوجۆر و هاوسەنگ هەیە.

ئەو پسپۆرە رووسییە دەڵێت: پروتین، چەوری، کاربۆهایدرەت، ڤیتامین و کانزاکان دەبێت بە ڕێژەی گونجاو بەدەست بێن. سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو و خواردنی پڕ لە ڕیشاڵ بۆ تەندرووستیی و میکرۆبایۆمی ناوەوە گرنگن. هەروەها پێشنیار دەکرێت ماسی لانیکەم دوو جار لە هەفتەیەکدا بخورێت.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە تەندرووستی لە خواردندا بە دۆزینەوەی یەک "خواردنی جادویی" یان بە تەواوی وازهێنان لە یەک ماددە بەدەست نایەت، بەڵکو بە بەردەوامبوون لە شێوازێکی خواردنی جۆراوجۆر و هاوسەنگ بۆ ماوەیەکی درێژ دەستەبەر دەبێت.
 

بەپەلە