ڕۆماننووس، مێژوونووس نییە! ئەو لەسەر دنگەکانی خوێندنەوەی مێژوو، هەویری ڕووداوەکان لە تەشتی خەیاڵدا هەڵدەشێلێت و گونگ گونک، لەسەر پنەی فەنتازیا، پانیان دەکاتەوە و لەسەر ساجی هونەریش، دەیانبرژێنێت!
میران ئەبراهام، ڕۆماننوسێکی ناوداری کوردە، بە داروپەردووی مێژوو، تەلاری ڕۆمانێکی چێ کردووە، کە لە پەنجەرەکانییەوە، گورزەتیشکی خیاڵمان بۆ ئاودیو دەکات و ئێمەیش لەبەر ڕۆشنایی سواڵەکانیدا، مێژوویەک دەخوێنینەوە کە لە واقیعدا، دەردەدار و دڵخوازی کورد نەگەڕاوە.
ئەو، بۆ سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی ئەو مێژووە، لە بازنەی تێڕامان و بیرکردنەوەمان دەنێ. میران، سەرلەبەری مێژووی کوردبوون و هەوڵی کوردان بۆ ئازادی، لەسەر زاری کارەکتەرە واقیعییەکانی نێو مێژوو، لە ماڵی ڕووداوەکاندا، شەنوکەو دەکات و ڕووداوگەلێکیش لە خەیاڵی ئەدەبیدا دەخولقێنێت، کە هەم ڕووبەڕووبوونەوەی مێژووە و هەمیش شیتەڵکردنی. لەوێدا، فەنتازیای ڕۆماننووس، دزێویی ڕووداوە واقیعییەکانی مێژووی ئێمەی بە تیشکی هیوایەک بۆ ئاییندە، ناوئاخن کردووە.
سەرپاکی کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە، لە مێژوودا بوونیان هەبووە و ڕۆڵی ئەرێنی و نەرێنیان تێدا گێڕاوە. بەڵام لە ڕۆمانەکەدا، هونەرییانە، نەک وەک ئەوەی لە مێژوودا هەبوون و هەڵساکەوتیان کردووە، خولقێنراوەنەتەوە.
زمان، نووسین، یادگە و یادەوەری، پەروەردە و فێرکردن و پاشان هەر زمان... زمانی کوردی، کەلتوور و کەلەپووری کوردی، سترانچڕین و تەمبوورژەنین، کتێب و ڕۆژنامەکانی ئەوێ دەمێ، چ جوان تیشکیان لەسەر نراون و ڕۆڵیان لە شکڵپێگرتنی ئاگایی نەتەوەییدا، بەرز نرخێنراوە!
ژن و ئەقڵی کراوەی ژنانێک کە لە سەردەمانێکدا، سیمبۆلی خەباتی ژنان و بەگژاچوونەوەی ئەقڵە ئایینییە وشک و داخراوەکان بوون، مۆمە تیشکبارەکانی نێو دیوەخانی تێکستی ڕۆمانەکەن و هێندەی دیکە کارەکەیان بڵند کردووەتەوە.
خولقاندن و چنینی ڕێچکەی ڕووداوەکان، میتۆدی گێڕانەوە، تەکنیکی نووسین، زمان و هونەری پەیڤین، خەیاڵ و خولقاندنی گومان و ڕاڕاییەکان، فلاش باک و جێگۆڕکێی شوێن و زەمەن، لە ترۆپکی داهێناندان و ڕێنمای لەبەردڵانی زەینی خوێنەرن.
من ڕەخنەسازی ئەدەبی نیم و نەمگەرەکە، ناشییانە، ئەسکوێ لە مەنجەڵی هونەری ڕەخنە وەر بدەم، بەڵام دەتوانم بێژم: خوێندنەوەی ئەم شاکارەی میران، بۆ هەموو ئەدەبخوێنێک، کارێکە و ناکرێ خۆمانی لێ ببوێرین.
پشکۆ نەجمەدین
