234 هەزار بەرمیل بەنزینی ئەمریکی لەڕێگه‌دایە به‌ره‌و عێراق

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاروانێکی گەورەی بەنزین کە لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بەڕێکەوتوە، گەیشتوه‌ته‌ بەندەری بانیاسی سوریا، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی بەڕێگه‌ی وشکانیدا بۆناو خاکی عێراق، لەچوارچێوەی هەنگاوێکدا کە ڕێڕەوێکی لۆجستیی نوێ بۆ دابینکردنی سوتەمەنی لەڕێگەی خاک‌و سنورەکانی سوریاوە دەکاتەوە.


پلاتفۆرمی جیهانیی (الطاقه‌) ئاشکرایکردوە، کەشتیی نەوتهەڵگری (Gaita) گەیشتوەتە بەندەری بانیاس کە ڕاستەوخۆ لەشاری ھیوستنی ئەمریکاوە بەڕێکەوتوە، ئەمەش دوای بڕینی گەشتێکی دەریایی درێژ کە مەوداکەی نزیکەی 13 هەزار کیلۆمەتر بوە؛ کەشتییەکە بڕی 32 هەزار تۆن بەنزینی هەڵگرتوە کە هاوتای نزیکەی 234 هەزار بەرمیلە.

پلاتفۆرمەکە لەزاری سەفوان شێخ وتەبێژی کۆمپانیای نەوتی سوریا، بڵاویکردوەتەوە کە ئەم کاروانە بەنزینە بەهیچ شێوەیەک بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لەبازاڕەکانی سوریادا تەرخان نەکراوە، بەڵکو تەنها لەبەندەرەکەدا بەتاڵدەکرێتەوەو پاشان لەڕێگەی تانکەرە نەوتییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ عێراق، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی فەرمیی نێوان هەردوو وڵاتدایە.

ئەم ڕێڕەوە نوێیە بەتەواوی پشت بەوە دەبەستێت کە بەنزینەکە لەڕێگەی دەریاوە لەئەمریکاوە بگاتە کەناراوەکانی سوریاو پاشان لەوێوە باربکرێتە ناو تانکەرەکان بۆ بڕینی ڕێگه‌ی وشکانی بەرەو خاکی عێراق.

زانیارییە بڵاوکراوەکان کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەی گواستنەوە وشکانییەکەیان یان ژمارەی ئەو تانکەرانەی تێیدا بەشدارن ئاشکرانەکردوە، هاوکات هیچ وردەکارییەکیش لەسەر ئەو لایەنە فەرمییە عێراقییەی کە کاروانەکە وەردەگرێت یان ئەو دەروازە سنورییانەی کە پێیدا داخڵ دەبێت، نەخراونەتەڕوو.

گەیشتنی ئەم کاروانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی عێراق بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەو دەروازەکانی هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتییەکان‌و دابینکردنی بڕی پێویستی بەنزین تاوەکو بتوانێت پێداویستیی بازاڕی ناوخۆیی دابین بکات‌و پشتبەستن بەڕێڕەوە سنوردارەکانی پێشوو کەمبکاتەوە.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکەی پلاتفۆرمی الطاقه‌، ئەم بارە گەورەیەی کە لەھیوستنەوە هاتوە، بەیەکەمین کاروانی بەنزین هەژماردەکرێت کە لەویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بگاتە سوریا پێشئەوەی ڕێگاکەی بەرەو عێراق درێژە پێبدات، ئەمەش گرنگییەکی لۆجستیی یەکجار گەورە بەم پڕۆسەیە دەبەخشێت کە زۆر لەقەبارەی خودی سوتەمەنییە گوازراوەکە گەورەترە.

شارپرێس به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌سود وه‌رگرتن له‌سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى عێراقى، زانیاریى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ بڕێكى زۆر به‌نزین له‌سوریاوه‌ ده‌گاته‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌وكات سه‌رچاوه‌ى به‌نزینه‌كه‌ كه‌ ئه‌مریكایه‌ هیچ میدیایه‌ك زانیاریی له‌باره‌وه‌ نه‌بوو.