شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی پێگەی ئەلیکترۆنیی (ئهمواج)ی
بەریتانی، بونی ناکۆکیی توندی لەناوماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی (شیعهكان)دا
ئاشکراکردوە سەبارەت بەمیکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی گروپه چەکدارەکان؛ ئەمەش
لەژێر تیشکی ڕەتکردنەوەی هەندێک لەگروپەکان بۆ پێدانی شەرعیەت بەهاوپەیمانێتیی سیاسیی
فەرمانڕەوا تاوەکو بڕیار لەسەر دۆخی سەربازییان یان شێوازی تواندنەوەیان لەناو دامەزراوەکانی
دەوڵەتدا بدات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بەفەرمیکردنی
یەکەکانی حەشدی شەعبی لەساڵی 2016دا، دۆخی یاسایی ئەو گروپانهى لەناوەوە یان لەدەوروبەریدا
کاردەکەن یەکلانەکردوەتەوە؛ ڕوداوەکانیش پیشانیدەدەن کە چوارچێوەی هەماهەنگی لە9ی
ئایاردا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بەسەرۆکایەتیی عەلی زەیدیی
سەرۆک وەزیرانو بەئەندامێتیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو و هادی
عامری سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئەو پێگە
بهریتانیه، ئەرکی لیژنەکە خۆی لەتۆمارکردنی چەکەکان، پۆلێنکردنی گروپە چەکدارەکانو
لێکۆڵینەوە لەبژاردەکانی تواندنەوەی چەکدارەکان لەناو دامەزراوە مەدەنییەکان یان هێزە
ئەمنییە فەرمییەکاندا دەبینێتەوە.
پێگەکە تیشکیخستوەتەسەر ئەوەی، سەرکردەکانی
ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەناوەڕاستی مانگی ئابدا، دەستیانکردوە بەخستنەڕوی داڕشتنێک
کە لەسەر بنەمای "بەڕێوەبردنی" چەکی گروپهكانى بەرگری (موقاوەمە) بونیادنراوە
کە تێیدا گروپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵاو بزوتنەوەی نوجەبا دەگرێتەوە، بەجۆرێک
"ڕێکخستنی چەک" ببێتە جێگرەوەی بژاردەی داماڵینی خێرای چەکەکانیان.
ڕاپۆرتەکە پێیوایە، ئەو مەرجانەی لەلایەن
گروپە چەکدارەکانەوە دانراون لەگەڵ ناڕونیی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، وایکردوە جێبەجێکردنی
مۆڵەتی 30ی ئەیلول ببێتە کارێکی ئەستەم، لەکاتێکدا پلانی نوێی زەیدیی حوزەیرانی
2027 وەک وادەیەکی نوێ بۆ قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا دەستنیشاندەکات.
پلانەکە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ڕێگە
بەچەکدارەکان دەدات بەشێوازی تاکەکەسی بچنە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە، لەبەرامبەر
کۆتاییهێنان بەبونی گروپهكان وەک پێکهاتەو قەوارەی چەکداری سەربەخۆ، بەڵام هێشتا
چەندین پرسیاری جدی بەهەڵواسراوی ماونەتەوە سەبارەت بەتۆڕەکانی فەرماندەییو هەژمونی
سیاسیی گروپهكان پاش تواندنەوەی توخمەکانیان لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا.
پێگەی (ئهمواج)ى بهریتانی پێشبینیدەکات،
بەغدا لەماوەی مانگەکانی داهاتودا سەرنجی تەواوی بخاتەسەر تۆمارکردنی چەکەکانو تێکەڵکردنی
تاکەکان، لەکاتێکدا گروپهكان بەدوای مسۆگەرکردنی گرەنتیی کۆنکرێتیدا دەگەڕێن کە پەیوەندیی
بەداهاتوو و پێگەی سیاسییو ئەمنیی خۆیانەوە هەیە.
لەکۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە هۆشداریداوە
لەناسەقامگیرییو لەرزۆکیی 90 ڕۆژی یەکەمی پلانی زەیدیی، چونکە ئەم پلانە پێویستی
بەڕاگرتنی تەواوەتیی هێرشەکان هەیە بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانانو بەرژەوەندییەکانی
ئەمریکاو جەختیشیکردوەتەوە، دەستپێکردنەوەی هەرجۆرە هێرشو لێدانێک دەکرێت پرۆسەی
جێبەجێکردنی پلانەکە پەکبخاتو ببێتە هۆی هەڵپەساردنی تەواوەتی.
