بۆئەوانەی کەمدەخەون.. بزانە پزیشکێکی ڕوسیی چۆن باسی مەترسییەکانی دەکات؟

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێلینا ساڤچینکۆڤا بیلیاتکۆ، پزیشک و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە ڕووسیا، هۆشداریداوە لەوەی کەمخەویی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کێش و دروستبوونی کێشەی گرنگ بۆ دڵ و دەمارەکان و ڕژێنی دەرەقیی.

 
ئەو خانمە پزیشکە ڕووسییە وتویەتی، خەوی سرووشتیی بۆ کەسی پێگەیشتوو نزیکەی 8 کاتژمێرە، بەڵام خەوتنی کەمتر لەم ماوەیە دەتوانێت کێشەی تەندرووستیی درووست بکات، لەوانە قەڵەوبوون. هۆرمۆنی تێربوون، کە بە "لێپتین" ناسراوە، لە کاتی خەوتندا دەردەچێت، بۆیە ئەو کەسانەی کەم دەخەون زۆرجار حەزی خواردنیان زیاتر دەبێت.

بەپێی وتەکانی ئەو، ئەگەر کەسێک بە شێوەی بەردەوام خەوی پێویستی نەبێت، کارکردنی غودەی دەرەقی خاو دەبێتەوە و بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تیرۆکسین کەم دەبێت، کە دەتوانێت ببێتە هۆی تەنبەڵبوونی غوددە و کێشەکانی وەک نەخۆشییە میتابۆلییەکان و ئاڵۆزییەکانی کارکردنی دڵ و دەمارەکان.

هەروەک، خەوی خراپ یان ناتەواو دەتوانێت خەواڵوویی لە ڕۆژدا، زیادبوونی هۆرمۆنەکانی سترێس، کێشەی مێشک و میتابۆلیزم، لاوازبوونی بەرگریی جەستە و زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە زیاد بکات.

توێژینەوەیەکیش نیشانی داوە کە خەوتنی 5 کاتژمێر یان کەمتر لە شەودا پەیوەندیی بە مەترسی زیاتر بۆ خەڵەفان و مردنی پێشوەختەوە هەیە. هەروەک لێکۆڵینەوەیەکی تر دەریخستووە کە خەوتن کەمتر لە 6.4 کاتژمێر یان زیاتر لە 7.8 کاتژمێر لە شەودا دەبێتە هۆی خێراکردنی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە تەمەن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکات.