فڕۆكه‌یه‌كى فلاى دوبه‌ى هه‌راى نایه‌وه‌و ئیسرائیلى هه‌ژاند

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2576 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتەکان یەک لەدوای یەک بەردەوامن سەبارەت بەو هۆکارانەی وایان لەفڕۆکەیەکی کۆمپانیای "فلای دوبەی" کردوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوبەیەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لەئیسرائیل گەشتی دەکرد، ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت‌و لەعەرەبستانی سعودی بنیشێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە تائێستا چاوپێکەوتن یان گێڕانەوەیەکی فەرمیی تێروتەسەل لەسەر چۆنیەتی‌و وردەکارییەکانی ئەم ڕوداوە بڵاونەکراوەتەوە.


چەندین ڕاپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بەوەکردوە، لەوانەیە پێکدادان‌و شەڕێکی توند لەنێوان فڕۆکەوانانی فڕۆکەکەدا ڕویدابێت‌و پێدەچێت هەر ئەمەش هۆکاری پشت ڕاگەیاندنی باری نەخوازراوو کتوپڕ بوبێت کە بوە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی گەشتەکە.

دواتر، کەناڵی "i24"ی ئیسرائیلی لەزاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە کە ئەوەی ڕویداوە "تەنها دەمەقاڵێ‌و کێشەیەکی ئاسایی نێوان فڕۆکەوانەکان نەبوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەری هەیە یەکێک لەفڕۆکەوانە یاریدەدەرەکان چەقۆی لەهاوپیشەکەی دابێت بەمەبەستی بەدەستەوەگرتنی کۆنترۆڵ‌و سوکانی فڕۆکەکە.

هەروەها لەزاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستراوەتەوە کە "ڕێگری لەکارەساتێکی زۆر گەورە کراوە"، لەکاتێکدا به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە کراوە بەبەشداریکردنی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل‌و سەرۆکەکانی هەردوو دەزگای گشتیی "شاباک"و "مۆساد".

پاشان هەمان کەناڵ ئاماژەی بەوەداوه‌، پێشبینیی سەرەتایی ئیسرائیل بەرەو ئەوە دەچێت، ڕوداوەکە وەک "کردەوەیەکی تێکدەرانەو مەترسیدار" سەیر بکرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دەزگا ئەمنییەکان، بێئەوەی تائێستا پاڵنەر یان وردەکارییە تەواوەکان ڕون ببنەوەو تا ئەم ساتەش پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە دەرنەچوە.

به‌گوێره‌ى داتاکانی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار 24"، فڕۆکەکە لەبەرزیی نزیکەی 34 هەزار پێوە تەنها لەماوەی دوو خولەکدا دابەزیوە بۆ دەوروبەری 16 هەزارو 600 پێ، ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیلیش ئاشکرایدەکەن، چەند سەرنشینێک لەکاتی ڕوداوەکەدا دەستوەردانیان کردوەو بەهاوکاریی دەستەیەکی دیكه‌ى فڕۆکەوانی کە لەناو گەشتەکەدا بون، کۆنترۆڵی فڕۆکەکەیان گەڕاندوەتەوە.

کەناڵەکە وێنەیەکیشى بڵاوکردوەتەوەو نوسیویه‌تى، "ئه‌و وێنه‌یه‌ هی سەرنشینێکە لەکاتی شەڕەکەدا هەوڵی دورخستنەوەی فڕۆکەوانەکانیداوە، لەکاتێکدا کراسەکەی بەخوێن سور ببوو، بەڵام نەتوانراوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستیی چۆنیەتی گرتنی ئەو وێنەیە یان وردەکارییەکانی پشتڕاستبکرێتەوە".

دواتر، کەناڵی 14ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەو فڕۆکەوانەی تێوەگلاوە لەهێرشەکەدا هاوڵاتییەکی عومانە، لەکاتێکدا فڕۆکەوانی دوەم هاوڵاتیی دەوڵەتی ئیماراتە، ئەم زانیارییە دژبەیەکە لەگەڵ ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل، بەتایبەت کەناڵی 12، کە باسیان لەوەدەکرد هەردوو فڕۆکەوانەکە هاوڵاتیی ڕوسیاو ئۆکرانیان.

ئەم وردەکارییانە، بەناسنامەی فڕۆکەوانەکان‌و ئەوەی لەناو ژوری فڕۆکەوانەکەدا (کۆکپیت) ڕویداوە لەگەڵ هۆکاری پشت ڕوداوەکە، بەنادیاری دەمێننەوە تائەوکاتەی زانیاریی فەرمی یان دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بڵاودەکرێنەوە.