سعودیە بیر لەئەنجامدانی هێرشی فراوان بۆ سەر حوسییەکان دەکاتەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردوە کە سعودیە لەپلانیدایە لەچەند هەفتەیەکی داهاتودا بەهەماهەنگی لەگەڵ سوپای یەمەن هێرشێکی فراوانی ئاسمانی بۆ حوسییەکان دەستپێبکات، بۆ ئەو کارەش دوو بژاردەی لەبەردەستدایە.


ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لەزاری چەند بەرپرسێکی باڵاوە بڵاویکردوەتەوە، ئامانجی سعودیە لەو هێرشە چاوەڕوانکراوە دەرهێنانی گەروی بابولمەندبە لەژێر دەستی حوسییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی بازرگانییە لەو گەروەدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، سعودیە بۆ ئەو هێرشە دوو بژاردەی لەبەردەستدایە و لەئێستادا فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە بەوردی تاوتوێی پلانەکە دەکەن، بژاردەی یەکەمیان ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنەکانیان تەنها ناوچەکانی نزیک لە گەروی بابولمەندب بگرێتەوە، بژاردەی دوەمیش ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنەکە چەند شارێکی جیای یەمەن بگرێتەوە، کە لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان ".

رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکراکردوە، دەکرێت لەو ئۆپراسیۆنەدا زیاتر لە 100 هەزار سەربازی یەمەنی بەشدار بێت، بەجۆرێک کە سعودیە لەئاسمانەوە هێرش بکەنە سەر حوسییەکان، هاوکاتی ئەوەش سوپای یەمەن لەرێی وشکانییەوە هێرش ئەنجام بدەن، ئەمریکاش زانیاری هەواڵگری لەبارەی پێگەکانی حوسییەکان بە سعودیە دەدات.