گرانی نەوت و قڕ کر دنی داربەڕوە کان

قەڵەمی ڕۆژ

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە ساڵانی نەوەدەکان و دواتردا، سەردەمێکی سەختی ژیان و گوزەرانی خەڵک بوو؛ سەردەمی چیرۆکی گوڵەگەنمە بەجێماوەکانی دوای دەڕاسە و دوورێنەبوو، کە ژنان و منداڵانی وڵات بۆ دابینکردنی بژێوی، گوڵەگەنمە جێماوەکانیان کۆدەکردەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ گەڕان بەدوای ژیاندا دەستی پێکرد.
لەو هەلومەرجە سەختەی ژیان و گوزەراندا، کە کوردستان لەژێر گەمارۆی ئابووریی جیاجیادا بوو، زستان بە سەختی دەستی پێکرد. ئا لەو کاتەشدا، نەبوونی نەوت و سووتەمەنی ببووە کێشەیەکی گەورە، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکاندا. بۆیە خەڵک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما و ڕزگارکردنی ماڵ و منداڵیان لە دەست سەرمای سەختی زستان، ڕوویان لە ناوچە شاخاوییەکان کرد بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکان.
لێرەدا ژینگەی کوردستان کە پێشتر ڕژێمی بەعس وێرانی کردبوو ،ئەوەشی مابووەوە بووە قوربانیی نەبوونی سووتەمەنی ، چونکە خەڵک لەناچاریدا دەستیان کردبووە بڕینەوەی بەکۆمەڵی دار و درەختەکان، بەتایبەتی داربەڕووەکان.
ئێستاش کە لە هەلومەرجێکی ناجێگیر و خراپی ئابووریداین و نرخی نەوتی سپی ئەوەندە گرانە کە خێزانەکان توانای دابینکردنیان نییە ، ئەوەی لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا کە ژینگەی کوردستان و ڕێژەی سەوزایی گەشەیەکی بەرچاوی کردوەتەوە و دارستانەکان ژیاو نەتەوە، جارێکی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپییەوە زەنگی مەترسی دژ بە ژینگە، بەتایبەتی دار و درەخت لێدەدرێتەوە.
پەیوەندیی نێوان تێکچوونی ژینگە و قەیرانی ئابووری بەرئەنجامی وێرانکاریی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە و داربەڕووەکان ڕووبەڕووی قڕبوون دەبنەوە. بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لە خەمی دابینکردنی نەوتدا بێت ، چونکە داربەڕووەکان تەنیا درەختێکی ئاسایی نین، بەڵکوو هەناسە و سییەکانی ژینگەی کوردستانن. گەشەکردن و پێگەیشتنی داربەڕوویەک دەیان ساڵی پێویستە، بۆیە بڕینەوەی داربەڕوویەک لە نیو کاتژمێردا، ڕەنگە بە دەیان ساڵ قەرەبوو نەکرێتەوە.
لەبەر ئەوە، پێویستە مەترسیی قڕکردنی ژینگە و داربەڕووەکان بکەینە خەمێکی گشتی.